ئەگەر هەیە لازارۆنی و فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق نەگەنە رێککەوتن



رووداو - هەولێر

سەرچاوەیەکی نزیک لە دانووستانی نێوان سیباستاو لازارۆنی راهێنەری برازیلی و فیدراسیۆنی یەکێتی تۆپی پێی عێراق بۆ رووداوی ئاشکرا کرد ئەگەر هەیە ئەو دوو لایەنە نەگەنە رێکەوتن بۆ پێدانی پۆستی مەشقدانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق بە راهێنەرەکە.

ئەو سەرچاوەیە تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند دانووستانەکانی نێوان ئەو دوو لایەنە کە ئێستا لە هەولێر بەڕێوەدەچێت رێگریی گەورەی هاتووەتە بەردەم، لەبەرئەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێ سوورە لەسەر کارکردنی راهێنەرەکە لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق لە بەغدا، بەڵام ئەو راهێنەرە رازی نییە لە بەغدا کاربکات و دەیەوێ لە هەولێرەوە سەرپەرشتی هەڵبژاردەکە بکات.

لازارۆنی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ گەیشتە هەولێر بۆ دانووستان لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، پێشتریش لە لێدوانێکیدا بۆ رووداو رایگەیاند کە ئەو دانووستان لەگەڵ فیدارسیۆنی تۆپی پێی عێراق دەکات بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردەی عێراق لە جامی نەتەوەکانی ئاسیای 2015.