ڤیدیۆ؛ پەیامی ئەنچیلۆتی لەبارەی دۆخی ریال مەدریدەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای هەفتەیەکی پڕ لە کێشە و گرفت و شکستی قورس، ریال مەدرید رکابەرییەکانی لالیگا بەڕووبەڕووبوونەوەی ئۆسەسۆنا دەستپێدەکاتەوە.
دوای رۆژانی شکست بەرامبەر بارسا، شکست بەرامبەر میلان و مشتومڕی زۆری داڕووخانی تیپەکە و بوونە مانشێتی رۆژنامەکان و تووڕەیی گەورەی هاندەران، ریال مەدرید لە نێو سانتیاگۆ بێرنابیۆدا دەردەکەوێتەوە و هەمووان چاوەڕێن بزانن تیپەکە بەخۆیدا چووەتەوە یان نا؟
کەس نکوڵی لە ئاستی خراپی ریال مەدرید ناکات، دۆخە خراپەکە شتێک نییە نکوڵی لێبکرێت، بەڵام پرسیار ئەوەیە تیپەکە رێگەی راستکردنەوەی هەڵەکانی خۆی دۆزیوەتەوە یان نا؟ لە کاتێکدا راهێنەرەکەی پێیوایە تیپەکەی لەسەر ئەو دۆخە ئاوارتەیە رانەهاتووە.
کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید دەڵێ "زۆر سرووشتییە کە هەست بەوەدەکەم ئەمە قۆناخێکی قورسە، دەگمەن نییە، بەڵام قورسە. من بەلامەوە زەحمەت نییە دانبەوەدابنێم کە ئێمە ئێستا لە قۆناخێکی سەختداین. ئەمە شتێکی سرووشتییە لە تۆپی پێدا، چونکە شکست بەشێکە لەیارییەکە. بەڵام ئایا ئێمە لەگەڵیدا راهاتووین؟ نەخێر ئێمە لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا رانەهاتووین، لەبەرئەوەی ماوەیەکی درێژ هەموو شتێکمان باشبوو، بەڵام ئێستا دۆخمان خراپە و ئەوە قبووڵ دەکەین کە وا بڵێین".
لەبەرئەوەی دۆڕان و شکست باڵیان بەسەر دیمەنە گشتییەکەی ریال مەدریدا کێشاوە، ئیدی هەموو شت لەگرێژنە دەرچووە، هەمووان تۆمەتبارن و کەسیش ناتوانێ لە نێو کۆی بەرپرسەکان لە شکستەکانی ریال مەدرید، کەسێک وەک تۆمەتباری سەرەکی دەستنیشان بکات.
میدیاکان رەخنە لە بەرگری دەگرن و هاندەران گلەییان لە هێرشبەران هەیە و هەندێک فۆکەسیان لەسەر ناوەڕاستکارانە و هەندێکیش دەڵێن ئەوەی هەیە و روودەدات، تەنیا راهێنەر لێی بەرپرسیارە.
لە نێو هەموو هەڵە و کەموکورتی و کێشەکاندا، ئایا تیپەکە توانای خۆ راستکردنەوەی هەیە؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە بەر لە هەمووان دەبێ راهێنەری یانەکە وەڵامی بداتەوە.
راهێنەری یانەی ریال مەدرید دەڵێ، "ئێمە بەتەواوی بڕوامان بەوە هەیە کە دەتوانین ئەوە بکەین. ئەمە تەنیا قسە نییە و قسەش تەنیا تۆپەڵێک هەوای گەرم نییە کە لە زارمان دەردەچێت. کردار شەرتە و کردارەکان لە قسەکان باڵاتران. لە یاریگەدا و لەچاوی هاندەرانیشدا، تەنیا کردارەکان دەمێننەوە".
تاقیکردنەوەی راستەقینە لەسەر توانای هەڵسانەوە و چاککردنەوەی دۆخی ریال مەدرید لەسەر ئەو تاقیکردنەوەیەیە کە ئەمڕۆ ئێوارە بەرامبەر ئۆسەسۆنا ئەنجامی دەدات و ئەوکات دەردەکەوێت، تیپەکە تا چەند ئامادەیە بۆ هەڵسانەوە و تێپەڕاندنی ئەوەی لە دوو هەفتەی رابردوودا روویدا.