نهێنی تووڕەیی ئێمباپێ لە ریال مەدرید

رووداو دیجیتاڵ

 

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی لای کەسانی نزیکی خۆی دانی بەوەداناوە کە لەگەڵ ریال مەدرید لە شتێک دڵتەنگ بووە. هەروەها لە ئاستی خۆیشی رازی نییە.
 
ئێمباپێ لە ریال مەدرید بە قۆناخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، دوای ئەو شکستانەی ئەم دواییەی تیپەکەی لەم ماوەیەی دواییدا تووشی بووە، یەکەمیان بەرامبەر بارسێلۆنا لە ئیلکلاسیکۆدا، دووەمیش بەرامبەر میلان لە چامپیۆنزلیگدا.
 
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ، لە زاری کەسانی نزیک لە ئەستێرە فەرەنسییەکەوە بڵاویکردووەتەوە، ئێمباپێ شێوازی یاریکردنی تیپەکەی کارلۆ ئەنچێلۆتی لە یاریگادا بەدڵ نییە.
 
یانەی ریال مەدرید لەنێوان یاریزانە هێرشبەرەکانیدا لێکتێگەیشتن و هەماهەنگی نییە، بەو پێیەی ڤینیسیۆس جونیۆر، کیلیان ئێمباپێ و جود بێلینگهام هیچ هەڕەشەیەکی هێرشبەرییان نییە، وەک ئەوەی بەشێوازی تاکەکەسی و هەریەکێکیان بۆخۆی یاری بکات.
 
کیلیان ئێمباپێ، کە هاوینی رابردوو لە پاریس سانجێرمانەوە پەیوەندی بە یانەی شاهانەوە کردووە، وەک هێرشبەری سەرەڕم جێگیر بووە، لەکاتێکدا لەگەڵ یانە فەرەنسییەکە لە باڵەوە یاری دەکرد و زۆر لەگەڵ ئەو شێوازە راهاتبوو، هەر بۆیەش لە دوایین 6 یاریی خۆیدا لەگەڵ ریال مەدرید لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا تەنیا یەک گۆڵی تۆمارکردووە.
 
رۆژنامە ئیسپانییەکە، ئاماژەی بەوەشکردووە، کیلیان ئێمباپێ باشترین ساتەکانی خۆی بەسەرنابات و کەس گومانی لەو نییە، کە بەمدواییەش لە لیستی هەڵبژاردەی فەرەنسا دوورخراوەتەوە سەرەڕای ئەوەی وەک دیدی دیشامی راهێنەری کەڵەشێرەکان دانی پێدا ناوە، کیلیان ویستویەتی لە یارییەکانی خولی نەتەوەکانی ئەوروپادا ئامادەبێت.
 
ئەوەی زیاتر ئێمباپێی تووڕە کردووە، ئەوەیە کە پاش ئەوەی ریال مەدرید لەنێو سانتیاگۆ بێرنابیۆدا تووشی دوو دۆڕانی ئازاربەخش بوو، ئەو بووە جێگەی رەخنەکان، یەکەمیان دۆڕانی بەرامبەر بارسێلۆنا لە کلاسیکۆی لالیگادا و دووەمیسیان دۆڕانی بەرامبەر میلان لە چامپیۆنزلیگدا.
 
کیلیان ئێمباپێ 15 یاری فەرمی ئەنجامداوە و 8 گۆڵی تۆمارکردووە، بەڵام سێ گۆڵیان بە لێدانی سزا بوو.
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم ژمارانە رەنگدانەوەی ناڕازیبوونی هاندەرانن لە ئێمباپێ، هەروەها تووڕەیی یاریزانەکە لە خۆی، بەو پێیەی بەهیچ شێوەیەک دڵخۆش نییە و لە سیستمی تاکتیکی کارلۆ ئەنچیلۆتی رازی نییە.
 
ئەمڕۆ ریال مەدرید لە گەڕی 13ـی لالیگادا لەنێو سانتیاگۆ بێرنابیۆدا میوانداریی ئۆساسونا دەکات و ئێمباپێ هەوڵدەدات بە تۆمارکردن گۆڵ تا راددەیەک رووی رەخنەکان لەسەر خۆی لاببات.