پۆگبا تووشی پێکانبوو
رووداو دیجیتاڵ
پۆڵ پۆگبا، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی هەڵبژاردەی فەرەنسا تووشی پێکانبو و بەرامبەر هەڵبژاردەی کازاخستان یاریی ناکات.
پۆگبا رۆژی دووشەممە بەهۆی پێکانەوە راهێنانەکانی هەڵبژاردەی فەرەنسای بەجێهێشت و لەگەڵ فرانک لی گالی پزیشکی هەڵبژاردەکە چووە دەرەوەی یاریگە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان پێکانی یاریزانەکە بەهۆی گرژبوونی ماسوولکەکانی رانییەتی، بەڵام ماوەی دوورکەوتنەوەی بەتەواوی دیارنییە.
هەڵبژاردەی فەرەنسا، خۆی بۆ یارییەکانی داهاتوو لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2022 ئامادەدەکات، رۆژی شەممە بەرامبەر کازاخستان یارییدەکات، پاشان لە رۆژی سێشەممە لە دوایین گەڕی کۆتایی پاڵاوتنەکاندا بەرامبەر فینلەندا یارییدەکات.
دیدێ دیشامپ، راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا گوتی " گرنگترین شت بەدیهێنانی ئامانجەکەمانە کە گەیشتنە بە مۆندیال، پێویستە هەموو توانایەکمان بخەینەگەڕ و لەرووی هزرییەوە زۆرباش ئامادەبین."
فەرەنسا لە پلەی یەکەمی کۆمەڵەی چوارەمە و خاوەنی 12 خاڵە، رکابەرەکەیان لەو کۆمەڵەیەدا ئۆکراینایە، کە بە کۆکردنەوەی 9 خاڵ لە پلەی دووەمە.