لێدوانی ئارتێتا و کڵۆپ لەسەر یاریی لووتکەی نێوان ئارسیناڵ و لیڤەرپوول

رووداو دیجیتاڵ

لە یاریی لووتکەی گەڕی 10ـی پرێمەرلیگدا، یانەی ئارسیناڵ کاژێر 18:30 بە کاتی باشووری کوردستان میوانداری یانەی لیڤەرپوول دەکات.
 
راهێنەرانی هەردوو یانە لەبارەی یارییەکەوە، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانییەکانیاندا، بەمشێوەیە بۆچوونی خۆیان خستووەتەڕوو:
 
 
میکێل ئارتێتا، راهێنەری یانەی ئارسیناڵ:
 
پێموایە هەموو تیپێک بەوەی خۆشمانەوە، هەمیشە باشتر دەبێت. هەمیشە ئەو خاڵە لاوازانەش دەبینیت کە دەتەوێت باشتریان بکەیت. وەک ئەوەی کڵۆپ گوتی هێشتا لیڤەرپوول تیپێکی گەورەیە.
 
نازانم ئاستی لیڤەرپوول دابەزیوە یان نا، کاری من نییە بڕیار لەسەر ئاستی لیڤەرپوول بدەم، من لێرەم بۆ ئەوەی باس لەوە بکەم کە ئێمە چی دەکەین، پێموایە ئەوەی لە پێنج ساڵی رابردوودا کردوویانە پێویستی بە هیچ رێکلامێک نییە، ئەوە روونە. لە هەموو یارییەکدا ئەو کارەیان کردووە.
 
بەڕاستی دڵخۆشم بەو گۆڕانکارییەی بەسەر تیپەکەماندا هاتووە، دیارە شانازی بە گۆڕانکارییەکە دەکەم، بەو کەشوهەوا و روانینەی ئێستا لەبارەی یانەکەمانەوە هەیە. بەڵام هێشتا چاوەڕێی بەرەوەپێشچوونی زیاترنین، دەبێت بگەینە ئەو شوێنەی هێشتا لەوێ نین.
 
یۆرگن کلۆپ، راهێنەری یانەی لیڤەرپوول:
 
سەبارەت بە ئاستی تیپەکەمان، دەبێت هەر ئێستا دەست پێبکەین. لە راستیدا لە سێ یاری رابردوودا حەوت خاڵمان بەدەستهێناوە. ئێمە لە ئایاکسمان بردەوە، لەگەڵ برایتن یەکسان بووین، لە رێنجەرزیشمان بردەوە. دەزانم لە پرێمەرلیگ نییە، بەڵام سێ ئەنجامی تا راددەیەک ئەرێنییە، یارییەکەی برایتنیش دوای پشوویەکی دوو هەفتە و نیو هات بۆ ئەو یانەیە. 
 
دەتوانین بە یەک دوو شێوە ئەوە بیبینن، بەڵام من بەڕاستی گرنگی بەوە نادەم، ئێستا دیارە کەمێک لەسەر رێگای راستین و با لێرەوە بڕۆینە پێشەوە. لە راستیدا ئەو ئاستەی یاریزانەکان لە سێ ساڵی رابردوودا پێشکەشیان کردووە زۆر بەرزە، زۆر قورسیشە بەردەوام ئەو ئاستە پێشکەش بکەین. بەڵام ئێمە چاوەڕوانی ئەوە لە خۆمان دەکەین، پێش هەموو شتێک، یاریزانانیش بەهەمانشێوە. کەواتە با لێرەوە بڕۆینە پێشەوە.