دیشام، ئێمباپێ و گریزمان شۆک دەکات


رووداو دیجیتاڵ

دیدی دیشامی راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا، بڕیاریداوە گۆڕانکاری لە پێکهاتەی هەڵبژاردەکەی بکات بۆ دووەم یاریی لە نەیشنسلیگ و ئەستێرە گەورەکان دووربخاتەوە.
 
فەرەنسا ئەمشەو لەسەرخاکی خۆی میوانداریی بەلجیکا دەکات، هەڵبژاردەکە پێویستی بەبردنەوە هەیە، پاشئەوەی لە یاریی یەکەمدا بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بە هەڵبژاردەی ئیتاڵیا دۆڕا.
 
رادیۆی 'مۆنتیکارلۆ'ی فەرەنسی ئاشکرایکردووە، پێشبینیکراوە ئەمشەو دیشام گۆڕانکاریی زۆر لە پێکهاتەی هەڵبژاردەکەیدا بکات بۆ یارییەکەی بەلجیکا و ئەگەر زۆر هەیە هەریەکە لە کیلیان ئێمباپێ و ئانتوان گریزمان، لەسەرەتاوە بەشداریی یارییەکە نەکەن و لەسەر کورسیی یەدەگ بن.
 
فەرەنسا بەدۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێت لە رووی ئەنجامەوە، بەتایبەت کە لە یۆرۆی پێشوودا و لە قۆناخی نیوەی کۆتاییدا بە دوو گۆڵ بەرامبەر بەگۆڵێک بە ئیسپانیا دۆڕا و ماڵئاواییکرد.
 
میدیای فەرەنسا گوشاری زۆریان لەسەر دیشامی راهێنەر دروستکردووە، ئەنجامەکانی ماوەی رابردووی هەڵبژاردەکە و شێوازی یارییکردنی، وێڕای بوونی ئەستێرەی زۆر لە هەڵبژاردەکە، ئەو راهێنەرەی رووبەرووی رەخنەی زۆر کردووەتەوە.
 
فەرەنسا پێشتر و لە 2021دا نازناوی نەیشنسلیگی بەدەستهێناوە و هەمووان داوای بەدەستهێنانی نازناوی دووەم دەکەن.
 
ئێمباپێ و گریزمان، بەرۆژانی زێڕینی خۆیاندا تێناپەڕن لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا. ئاستی ئەو دوو یاریزانە لە چەند یاریی پێشوودا رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە.