داهاتووی دی یۆنگ لە مەترسیدایە


رووداو دیجیتاڵ

فرێنکی دی یۆنگ، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی بارسێلۆنا، بەهۆی ئەو پێکانەوەی دووچاری بووە، داهاتوویەکی نادیاری هەیە و ئەگەری هەیە تاوەکو ساڵی 2025 نەگەڕێتەوە بۆ یارییکردن.
 
وەرزی رابردوو، فرێنکی دی یۆنگ، وەرزێکی خراپ و پڕ لە پێکانی هەبوو، هەموو پێکانەکانی ئەو یاریزانە لە پاژنەی پێیدا بوون. 
 
لە مانگی نۆی ساڵی رابردوو، دی یۆنگ تووشی سوڕانی پاژنەی پێی بوو و بۆ ماوەی 61 رۆژ لە یاریگەکان دوورکەوتەوە، دوای گەڕانەوەی ئەو یاریزانە و یاریکردنی لە ریزەکانی یانەی بارسێلۆنا، لە مانگی سێی ئەمساڵدا دووبارە تووشی پێکانێکی دیکە بوو لە پاژنەی پێی و بۆ ماوەی مانگێک لە یاریگەکان دوورکەوتەوە.
 
دوای گەڕانەوەی لەو پێکانە بە دوو هەفتە، تووشی پێکانێکی دیکەی پاژنەی پێ بوو و تا کۆتایی وەرز لە یاریگەکان دوورکەوتەوە، پێشبینی دەکرا لەگەڵ سەرەتای وەرزی نوێ دووبارە بگەڕێتەوە ریزەکانی یانەی بارسێلۆنا، بەڵام یانەکە رایگەیاند کە ئەو یاریزانە هێشتا لە پێکانەکەی چاکنەبووەتەوە و ئامادە نییە بۆ ئەوەی لە راهێنانەکاندا بەشدار بێت.
 
سەرچاوە ئیسپانییەکان رایانگەیاند، یانەی بارسێلۆنا ئامۆژگاری یاریزانەکەی کردووە بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ پاژنەی پێی و یانەکە وای دەبینێت، ئەوە تاکە چارەسەرە بۆ ئەوەی بە زووترین کات بگەڕێتەوە یاریگەکان، بەڵام یاریزانەکە تاوەکو ئێستا رەزامەندی نەداوە و ترسی هەیە لەوەی پاژنەی پێی نەگەڕێتەوە دۆخی پێشووی و هەربەو هۆیەشەوە نایەوێت نەشتەرگەری بکات.
 
دی یۆنگ لە ساڵی رابردوودا 240 رۆژ بەهۆی پێکانەوە لە یاریگەکان دوورکەوتووەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە یانەی بارسێلۆنا پێویستییەکی زۆری بەو یاریزانە هەیە.