رۆدریگۆ گلەیی لە هەمووان هەیە



رووداو دیجیتاڵ

رۆدریگۆ گۆیس، ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید راشکاوانە رەخنەی لە گۆڤاری فرانس فوتبۆڵی فەرەنسی گرت، بەهۆی بەربژێرنەکردنی ئەو لە لیستی پاڵێوراوان بۆ بردنەوەی باڵۆن دۆری ئەمساڵ.
 
پێنجشەممەی رابردوو، ناوی بەربژێرەکانی باڵۆن دۆری 2024 دیاریکران، نەبوونی چەند ئەستێرەیەک لەو لیستە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.
 
ئەستێرەکانی وەک، محەمەد سەڵاح، لیۆنێل مێسی، ڤان دایک و جەمال موسیالا لە لیستەکەدا نەبوون، تەنانەت کریستیانۆ رۆناڵدۆ دوای ئەو ئاستە ناوازەیەی لە وەرزی رابردوودا لەگەڵ یانەی نەسڕ پێشکێشی کرد، نەیتوانی بگات بەو لیستەی فرانس فوتبۆڵ.
 
یەکێک لەو ئەستێرانەی نەبوونی لە لیستەکەدا زۆرترین کاردانەوەی لێکەوتەوە، رۆدریگۆ بوو، ئەو ئەستێرە بەرازیلییە یەکێک بوو لە گرنگترین هێرشبەرەکانی یانەی ریال مەدرید لە وەرزێکی ناوازەدا کە تێیدا توانییان نازناوەکانی خول و چامپیۆنزلیگ، سوپەری ئیسپانیا و ئەورووپا بەدەستبهێنن.
 
رۆدریگۆ ناڕەزایی خۆی دەردەبڕێت و دەڵێت "هەست بەنائومێدی دەکەم، چونکە شایستەبووم لەو لیستەدا بم، من لەو یاریزانانە کەم ناکەمەوە کە ناویان لە لیستەکەدا هەیە، بەڵام دەبووایە ناوم لە لیستی 30 یاریزانەکەدا بێت".
 
رۆدریگۆ زیاتر دەڵێت "بابەتەکە سوپرایز بوو بۆمن، بەڵام ناتوانم هیچ شتێک ئەنجام بدەم، من خاوەنی بڕیار نیم".
 
یاریزانانی ریال مەدرید و هەڵبژاردەی بەرازیل پشتگیری خۆیان بۆ رۆدریگۆ دووپاتکردووەتەوە، وەک رۆدریگۆ دەڵێت "هەموو یاریزانەکانی بەرازیل و ریال مەدرید پشتگیری منیان کردووە لەم بابەتەدا".
 
جگە لە رۆدریگۆ، یانەی بایرن میونشن ناڕەزایی خۆی دەربڕی لە نەبوونی جەمال موسیالا لە لیستی 30 بەربژێری باڵۆن دۆردا، ئەوان سەرسوڕمانی خۆیان لەو بابەتە خستەڕوو.
 
سەرنووسەری فرانس فوتبۆڵ وەڵامی بایرن میونشنی دایەوە و رایگەیاند کە بەربژێرنەکردنی موسیالا لەبەر کەمیی ژمارەی بەشداریکردن لە گۆڵ و نەبوونی ئاستێکی یەکلاییکەرەوەی ئەو یاریزانە بوو، لە قۆناخی چارەکی کۆتایی یۆرۆ و پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ.
 
بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمی لەسەر بابەتی رۆدریگۆ نەدراوە.
 
سەرەڕای بەربژێر نەکردنی رۆدریگۆ، یانەی ریال مەدرید بە حەوت ناو، زۆرترین ژمارەی بەربژێری لە لیستەکەدا هەیە، ڤینیسیۆس، بێلینگهام، کارڤاخال، کرووس، ئێمباپێ، رودیگەر و ڤالڤێردی، بەربژێرەکانی ریال مەدریدن بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی.
 
بڕیارە رۆژی 28ی مانگی دەی ئەمساڵ براوەی ئەمساڵی باڵۆن دۆر ئاشکرا بکرێت و زۆرینەی سەرچاوەکان هاوڕان لەسەرئەوەی ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی ریال مەدرید، بەهێزترین بەربژێرە بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکە.