لە یاریگەی بۆکاجۆنیۆرز بەچەک هەڕەشە لە ناوبژیوان کراوە

رووداو دیجیتاڵ
 
یاریی نێوان هەردوو یانەی بۆکاجۆنیۆرز و تالیرێس کۆردۆبا لە جامی ئەرجەنتین، رووداوی تووندوتیژی بەخۆوەبینی و سەرۆکی یانەی تالیریس بەهەڕەشەکردن بەچەک تۆمەتبارکرا.
 
هەردوو یانە لە یاریگەی 'بۆمبۆنێرا'ی بەناوبانگ رووبەڕووی یەکبوونەوە، یارییەکە بەسەرکەوتنی بۆکاجۆنیۆرز بەلێدانی یەکلاکەرەوە کۆتاییهات، بەڵام رووداوی تووندوتیژی لە یارییەکەدا، بەسەر کۆی دیمەنەکەدا زاڵبوو.
 
ئاندرێ فاسی، سەرۆکی یانەی تالیرێس، تۆمەتبارکرا بەوەی کە هێرشی کردووەتە سەر ناوبژیوانی یارییەکە و بەچەک هەڕەشەی لێکردووە، ئەو سەرۆک یانەیە هەڕەشەکەی رەتکردەوە و گوتی تیپەکەم ناهەقیی بەرامبەر کراوە.
 
یارییەکە گرژی و ئاڵۆزیی زۆری بەخۆوەبینی، لە نێو یاریگە و لەسەر پلیکانەکانی یاریگەکە، بەتایبەت پاشئەوەی لە خولەکی شانزەی یارییەکەدا، ئاندرێس مێرلۆسی ناوبژیوان، گۆڵێکی مشتومڕهەڵگری بۆ بۆکاجۆنیۆرز ئەژمارکرد کە بریان ئاگێری تۆماریکرد، لە کاتێکدا یاریزانانی یانەی تالیریس داوایانکرد گۆڵەکە ئەژمار نەکرێ، چونکە بەر لە گۆڵەکە، تۆپ چووەتە دەرەوەی یاریگە.
 
میدیای ئەرجەنتین گوتیان، دوای یارییەکە، ئاندرێس فاسی، سەرۆکی یانەی تالیرێس سووکایەتی بەناوبژیوانی یارییەکە کردووە، پاشئەوەی لە دوای یارییەکە رووی لە ژووری جلگۆڕین تایبەت بەناوبژیوانان کردووە لە دوای یارییەکە.
 
باوبژیوانی یارییەکە، لە راپۆرتی خۆیدا نووسیویەتی کە دوای یارییەکە سەرۆکی تالیرێس بەیاوەریی چەند پاسەوانێک کە چەکیان پێبووە هاتوونەتە ژووری ناوبژیوانان و هەڕەشەیان لە دەستەی ناوبژیوانانی یارییەکە کردووە و بەچەک هەڕەشەیان لێکردوون.
 
فاسی ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە، قسەی بۆ میدیاکان کردووە و دەڵێ، ناوبژیوان دژایەتیی کردووین.
 
ئەو سەرۆک یانەیە گوتوویەتی، دوای یارییەکە چوومە ژووری جلگۆڕینی یاریزانەکانی خۆم و بەبەردەم ناوبژیواندا رۆیشتم، لەوێ پرسیارم لێکرد بۆچی سوورە لەسەر ئازاردانی یانەکەمان، چونکە ئەو یەکەمجار نییە بەو شێوەیە مامەڵەمان لەگەڵ دەکات، بەڵام ئەو هاواریکرد بەسەرمدا و بەتووندی پێمدا هەڵشاخا.
 
ئەو سەرۆک یانەیە وردەکاریی زیاتری لەبارەی رووداوەکەوە ئاشکراکردووە و دەڵێ، ناوبژیوان ویستی هێرشم بکاتە سەر، یاریدەدەرەکانی و ناوبژیوانی چوارەم رێگەیان لێگرت، ویستم بڕۆم، بەڵام بینیم ئەو لە پشتمەوە پەلامارم دەدات و لێمدەدات.
 
پێشتر فاسی، سەرۆکی یانەی تالیرێس و میرلۆسی ناوبژیوان، ناکۆکیی تووند لە نێوانیاندا دروستبووە لە ساڵی 2022 و ئەوکات سەرۆکی یانەی تالیرێس بە راگرتن بۆ ماوەی 30 رۆژ سزا درا.