مۆدریچ باسی ئاگرەکەی ناخی دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
لۆکا مۆدریچ، ئەستێرەی هەڵبژاردەی کرواتیا و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، باسی لە وازهێنانی یەکجاری لە تۆپی پێ لە ماوەی داهاتوودا کرد، گوتی کەس نازانێ لە داهاتوودا چی روودەدات.
 
مۆدریچی 39 ساڵ، هاوینی ئەمساڵ گرێبەستەکەی بۆ ماوەی وەرزێکی دیکە لەگەڵ یانەی ریال مەدرید نوێکردەوە خۆشحاڵیی خۆی بەبەردەوامبوون لەگەڵ یانەی شاهانە دەربڕی.
 
لۆکا، کە کاپتنی هەڵبژاردەی کرواتیایە، پێشەوایەتی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی کرد بۆ سەرکەوتن بەسەر پۆڵەندا بەگۆڵێکی بێبەرامبەر لە یارییەکانی نەیشنسلیگ. تاکە گۆڵەکەی کرواتیا مۆدریچ تۆماریکرد.
 
دوای یارییەکە، مۆدریچ گوتی، "لەبارەی منەوە؟ کەس نازانێ چی روودەدات، دەبێ یاری لە دوای یاریی، مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەین".
 
ئەو، لەبارەی وازهێنان لە یاریی نێودەوڵەتی یان وازهێنانی یەکجاری لە تۆپی پێ دەڵێ، "ناتوانم بیر لە داهاتوو بکەمەوە، کاتێک هەستمکرد چیدی جۆشوخرۆشی یارییکردنم نەماوە، ئیدی وازدەهێنم".
 
مۆدریچ وەرزی رابردوو لەگەڵ ریال مەدرید نازناوی لالیگا و چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا، یەکێکە لەو یاریزانە دەگمەنانەی لە کاروانی یارییکردنی خۆیدا شەش نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە.
 
کاپتنی کرواتیا، دەڵێ، "من خۆم تاکە کەسم هەست بەئاگرەکەی ناخۆی خۆم دەکەم، ئەوکاتیش بڕیار لە چارەنووسی خۆم دەدەم".