ڤیدیۆ؛ فەرەنسا سیناریۆی یاریی کۆتایی مۆندیالی لەگەڵ کرواتیا دووبارەکردەوە

رووداو دیجیتال

هەڵبژاردەی فەرەنسای پاڵەوانی جیهان بەردەوامە لەسەر پێشکەشکردنی ئاستە بەرزەکەی، کە لە دووەم یاری خۆیدا لە نەیشن لیگ توانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.

فەرەنسا لە دووەم یاری نەیشن لیگدا دووەم سەرکەوتنی بەسەریەکەوە بەدەستهێنا و هەمان سیناریۆی یاریی کۆتایی مۆندیالی دووبارەکردەوە و 4 - 2 لە کرواتیا بردەوە.

سەرەتا دیان لۆڤرین لە خولەکی 17دا گۆڵی پێشکەوتنی بۆ کرواتیا تۆمارکرد، بەڵام ئانتوان گریزمان رێگەی نەدا نیوەی یەکەم بە پێشکەوتنی میوانەکان کۆتاییپێبێت و دوو خولەک بەر لە فیکەی ناوبژیوان گۆڵی یەکەمی فەرەنسای تۆمارکرد، تەنانەت مارسیال گۆڵی دووەمیشی بۆ هەڵبژاردەی کەڵەشێرەکان بەدەستهێنا، ئەگەرچی بە ناوی ئەو تۆمارنەکرا، چونکە تۆپەکە بەر ستوونی گۆڵ کەوت، گەڕایەوە و بەر پشتی لیڤاکۆڤیچی گۆڵپارێزی کرواتیا کەوت و گەڕایەوە نێو تۆڕەکەی.

10 خولەک لەدوای دەستپێکردنی نیوەی دووەم، جۆسێپ بریکالۆ جارێکی دیکە ئەنجامەکەی بۆ کرواتیا یەکسانکردەوە.

فەرەنسییەکان باشتر یارییان کرد و دالۆت ئۆبامیکانۆ لە خولەکی 65دا گۆڵی سێیەمی بۆ کەڵەشێرەکان بەدەستهێنا.

لە خولەکی 77یشدا ناوبژیوان لێدانێکی سزای بۆ هەڵبژاردەی فەرەنسا هەژمارکرد و ئەمجارە گریزمان بوێری ئەوەی نەبوو جێبەجێی بکات، کە پێشتر 3 لێدانی سزای بەسەریەکەوە لەدەستداوە، ئەمجارە ئەرکەکە بە ژیرۆ راسپێردرا و ئەویش سەرکەوتووانە گۆڵی چوارەم و سەرکەوتنی تۆمارکرد.

لە یارییەکی دیکەشدا هەردوو هەڵبژاردەی ئینگلتەرا ودانیمارک بەبێ گۆڵ کۆاتییهات.