لیۆ یاماڵ، رووداو و هەمووانی سەرسام کرد
رووداو دیجیتاڵ
رووماڵی تۆڕی میدیایی رووداو، بۆ یەکەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی یۆرۆی 2024، رووماڵێکی تایبەت بوو، چونکە یەکێک لە بەهێزترین یارییەکانی پاڵەوانێتییەکەی بەخۆیەوە بینی، کە تێیدا فەرەنسا لەسەر دەستی ئیسپانیا ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە کرد و لارۆخا بلیتیێکی یاریی کۆتایی یۆرۆی بەدەستهێنا.
یەکەم رۆژی قۆناخی پێشکۆتایی یۆرۆی 2024 رۆژی سەرسامکردنی جیهان بوو لەلایەن لامین یاماڵی یاریزانی هەڵبژاردەی ئیسپانیاوە، کە سەرمەد سامحی شرۆڤەکاری رووداو پێیباشبوو پێیبڵێن "لیۆ یاماڵ" بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی لە تەمەنی 16 ساڵ و 362 رۆژیدا پێشکێشیکرد و بە باشترین یاریزانی یارییەکە دەستنیشانکرا.
نیگار بینایی، کە راهێنەری لەشجوانییە، میوانی تایبەتی ستۆدیۆی یۆرۆی 2024ـی رووداو بوو، ئەو جگە لەوەی باسی گرنگی راهێنانی وەرزشی دەکرد، باسی یۆرۆ و تیپە بەشداربووەکانی یۆرۆی دەکرد.
یارییەکی زۆر بەهێز بەڕێوەچوو، و شرۆڤەی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ یۆرۆی 2024 بەردەوام بوو، و بەشداربووانی پلاتفۆرمەکانی رووداویش وەک هەموو رۆژێک 5 خەڵاتی بە نرخی رووداویان بردەوە.
ميوانی تایبەتی رووماڵەکەی رووداو لە ستۆدیۆی یۆرۆی 2024ـی رووداو، لەگەڵ هاندەران سەیری یاری کرد و خەڵاتی تەلەڤزیۆنی زیرەکی رووداوی بەخشییە براوەکە.
سامان وڵاتژێری وەک هەمیشە لە رێگەی سێ بووڵتەن لە کاژێرەکانی 08:30 و 13:30 و 16:40ـەوە هەموو زانیارییە پێویستەکانی سەبارەت بە هەردوو یارییەکە بە بینەران و بەشداربووانی رووداو دا و کات و شوێنی یارییەکان بە گرافیک خرانەڕوو.
دڵنیا رەحمان، پەیامنێری رووداو، لە چەند بووڵتەنێکی رووداودا، لە شاری میونشنەوە لە ئەڵمانیاوە نوێترین زانیاری و گۆڕانکاری بە بینەران و بەشداربووانی رووداو گەیاند و چەند هاندەرێکی هەردوو هەڵبژاردەی ئیسپانیا و فەرەنسا قسەیان بۆ مایکی رووداو کرد.
میوانی تایبەتی شرۆڤەی رووداو، نیگار بینایی، خۆشحاڵی خۆی بە بەشداریکردن لە بەرنامەی ستۆدیۆی یۆرۆی 2024ـی تۆڕی میدیایی رووداوی نیشاندا و دەستخۆشی لە دێسکی وەرزشی کرد بۆ ئەو رووماڵە جوانەی بەدرێژایی یۆرۆ بۆ پاڵەوانێتییەکەی کردووە.
نیگار بینایی، باسی لەوە کرد، کە هەڵبژاردەی فەرەنسا لەبەرئەوە دەرکرا، چونکە رۆحیەتی نەبوو و گوتی "نەک هەر لە وەرزش، بەڵکو لە هەموو بوارەکانی ژیاندا رۆحیەت زۆر گرنگە. فەرەنسا ئەو رۆحەی نەبوو، یاریزانەکانی خوا خوایان بوو یارییەکە کۆتایی پێبێت".
ئەو گوتیشی "من خۆم هەر رۆژێک هەست بە رۆح و وزە نەکەم، چەند مەشق و راهێنانیش بکەم ناتوانم سوودی لێوەربگرم".
نیگار باسی مێسی و رۆناڵدۆشی کرد و گوتی "من رۆناڵدۆ هەڵدەبژێرم، چونکە ئەو زۆر هەوڵیداوە تاوەکو بووەتە ئەم یاریزانە گەورەیە، بەڵام مێسی هەر بە خۆڕسکی یاریزانێکی زۆر باشە، بەبێ ئەوەی خۆی ماندوو بکات ".
لە یەکەم رۆژی یارییەکانی قۆناخی پێشکۆتایی یۆرۆدا، یارییەکی یەکلاکەرەوە بەڕێوەچوو، کە لە کاژێر 22:00 لە نێوان ئیسپانیا و فەرەنسا ئەنجامدرا، لەسەر یاریگەی ئالیانز ئارێنا لە میونشن بەڕێوەچوو، و ئیسپانیا بە ئەنجامی 2-1 سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بلیتیێکی یاریی کۆتایی بردەوە.
شرۆڤەکارانی تۆڕی میدیایی رووداو، کامەران نەسرەدین، سەرمەد سامح و ئەڵمان عارف لە لایڤەکانیان و لە بەرنامەی یۆرۆی 2024ـدا شرۆڤەیەکی وردی یارییەکەیان کرد و بۆچوونەکانی خۆیان خستەڕوو، کە هەمووان پێیانوابوو دیدێ دیشامپی راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا هۆکاری سەرەکی شکستی فەرەنسا بوو.
سەرمەد سامح، پێیوابوو فەرەنسا شایەنی دەرکردن بوو، چونکە نەک هەر لەو یارییەدا، بەڵکو هەر لە سەرەتای پاڵەوانێتییەکەدا تاوەکو ئەم یارییە هیچی نەکردووە".
سەرمەد هەروەها باسی لەوە کرد کە کیلیان ئێمباپێش لەم پاڵەوانێتییەدا باش نەبوو، تەنانەت لامین یامال زۆر لەو باشتر بوو".
ئەڵمان عارف، هێرشێکی تووندی کردە سەر دیدێ دیشامی راهێنەری فەرەنسا و گوتی "هەموو بەرپرسیارییەتییەکە دەکەوێتە ئەستۆی دیشام. زۆر شەرمە لە دوای ئەو یارییە واز لە راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی فەرەنسا نەهێنێت".
کامەران نەسرەدین، گوتی "من پێشتریش گوتم ئیسپانیا تیپێکی باشترە لە فەرەنسا. تاکە یاریزان کە لە فەرەنسا یاری کردبێت ئینگۆلۆ کانتێیە".
کامەران هەروەها رەخنەیەکی تووندی لە دیشام گرت و گوتی "دیشام لە دوای یاریی کۆتایی مۆندیالی 2022 دەبووایە واز لە پۆستی راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا بێنێت". گوتیشی "زینەدین زیدان شایەنی ئەوەیە جێگەی دیشام بگرێتەوە".
دوای یارییەکە بەرنامەیەکی دیکەی یۆرۆی 2024 بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری هاندەران بەڕێوەچوو.
دڵنیا رەحمان، نێردراوی رووداو بۆ ئەڵمانیا، لە میونشنەوە و دوای تەواوبوونی یاریی ئیسپانیا و فەرەنسا، بۆچوونی هاندەرانی ئیسپانیای وەرگرت، کە لە بەردەم کامێرای رووداودا ئاهەنگیان بۆ بردنەوەی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان گێڕا و لە رێگەی مایکی رووداوەوە بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە یارییەکە خستەڕوو.
پەیامنێری رووداو، محەممەد کارێزی لە ئاکرێ لەگەڵ هاندەرانی تۆپی پێ سەیری یارییەکەی کرد و دواتر بە راکێشانی تیروپشک، خەڵاتی 'مۆبایلی زیرەکی رووداو' درایە لاوین عامر، کە هاندەرێکی سەرسەختی یارییەکانی یۆرۆیە.
لەم رووماڵەدا، رووداو دوو خەڵاتی 'ئایپادی رووداو'ی بەخشییە بەشداربووانی، کە یەکێکیان لە رێگەی پەیامنێری رووداوەوە بوو، کە دەچێتە نێو هاندەران. یەکێکیشیان لە رێگەی پێشبڕکێیەکەوە، کە لە پەیجی رووداو سپۆرتەوە رۆژانە پرسیارێک دەکرێت و وەڵامەکەی بە کۆمێنت دەدرێتەوە و براوەکە ئایپادێک وەردەگرێت.
بۆ بەخشینی ئایپادی یەکەم، ئەیوب نەسری، پەیامنێری رووداو لە شێخان چووە پارکی شێخان، کە ژمارەیەکی زۆر لە هاندەران بۆ سەیرکردنی یارییەکانی یۆرۆ کۆببوونەوە. دوای بینینی یارییەکە تیروپشکی ئایپادی رووداوی راکێشا و خەڵاتەکە بووە بەشی سەرمەد قەیسەر ئەلیاس، کە بە رووداوی گوت "بەڕاستی یەکەمجارە شەنسم هەبێت".
هەروەها دووەم ئایپادی رووداو، کە لە رێگەی وەڵامدانەوەی پرسیارێکی رۆژانەی رووداوەوە دەدرێت، ئەمجارە بووە بەشی محەممەد فارسی تەمەن 24 ساڵان.
کاژێر 21:00 رێبوار محەممەد، سامان وڵاتژێری، ئەڵمان عارف و کامەران نەسرەدین، بە لایڤ لە پەیجی رووداو سپۆرت شرۆڤەیان بۆ یارییەکە کرد و بەشداربووان بە کۆمێنت پێشبینییان بۆ ئەنجامی ئەو یارییەی نێوان ئیسپانیا و فەرەنسا کرد و دواتر لە بەرنامەی یۆرۆی 2024 تیروپشک بۆ براوەکە راکێشرا. خەڵاتی ئەمشەوی لیرەی زێڕ، کە بە "لیرەی رووداو" ناسراوە. بۆ حوسێن عوسمان خەلیل دەرچوو، کە خەڵکی قەزای خەباتە، تەمەنی 25 ساڵە و پیشەی جووتیارە.
خەڵاتی لیرەی رووداویش رۆژانە بە یەکێک لەو کەسانە دەدرێت کە لەو لایڤەی رووداودا پێشبینی ئەنجامی دوایاریی شەوەکە لە کۆمێنت دەنووسن.
لە کۆتایی بەرنامەکەدا، تیروپشک بۆ خەڵاتی شەوانەی بەشداربووانی بەرنامەی یۆرۆی 2024ـش کرا، کە تەلەڤزیۆنێکی زیرەکە و ئەمجارە بەخت یاوەری عەبدولکەریم هەمزە عەزیر بوو، کاسبە و تەمەنی 37 ساڵە. ئەو بەشداری لە بەرنامەی یۆرۆی 2024ـی رووداودا کردبوو.