ئیسپانیا و فەرەنسا.. بەهێزترین هێڵی هێرشبەر بەرامبەر بەهێزترین بەرگری

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای 5 یاری و سەرکەوتن بۆ قۆناخی پێشکۆتایی یۆرۆدا، لەژێر پرسیاری زۆردا، ئێستا کاتی وەڵامی گونجاوە، ئێستا هەمووان چاوەڕێی دەرکەوتنی راستەقینەی کیلیان ئێمباپێ دەکەن.
 
کیلیان لەم یۆرۆوەدا لە کۆی سێ گۆڵی فەرەنسا، تاکە یاریزانی هەڵبژاردەکەیە گۆڵی تۆمارکردبێت، ئەویشی بەلێدانی سزا بووە، ئەمجارە تاقیکردنەوەی فەرەنسییەکان بەرامبەر هەڵبژاردەیەکە، باشترین نێو پاڵەوانێتییەکەیە و چاوی لە بردنەوەی نازناوەکەیە.
 
فەرەنسا بە هەموو پێکهاتەکەیەوە بۆ یارییەکەی بەرامبەر ئیسپانیا ئامادەیە، هەردوو هەڵبژاردە شێوازی یارییکردنیان لە یەکدی جیاوازە و ئاستیشیان جیاوازتر، بەڵام لە کۆتاییدا هەردووکیان لە قۆناخی پێشکۆتایین و ئەمڕۆ دوایین رۆژی یەکێکیان دەبێت لە یۆرۆدا.
 
ئێمباپێ بەر لە چوونی بۆ مەدرید و یارییکردنی بۆ ریال مەدرید، بەرامبەر بەشێکی هاوڕێکانی یاریی دەکات و لە یۆرۆدا دەیەوێت وەڵامی پرسیاری زۆری هاندەرانی فەرەنسا بداتەوە و بە سەرکردایەتیکردنی هەڵبژاردەکەشی خۆی زیاتر بە ئیسپانییەکان پێشانبدات.
 
هەڵبژاردەی ئیسپانیا، بەهێزترین هەڵبژاردەی یۆرۆی 2024ـەوە تاوەکو پێش ئەنجامدانی یارییەکەی ئەمشەویان بەرامبەر فەرەنسا.
 
لارۆخا تاکە هەڵبژاردەیە هەموو یارییەکانی بردووەتەوە، ئەمشەو ئەزموونێکی نوێیە و هەموو یارییەکانی دیکە دەبنە رابردوو و لامین، نیکۆ و ئۆلمۆ دەیانەوێت بەرەو داهاتوویەکی گەورەتر هەنگاو بنێن.
 
لە ریزەکانی ئیسپانیا، ئەمشەو دانی کارڤاخال بەهۆی کارتی سوور و رۆبن لێ نۆرماند بەهۆی دوو کارتی زەردەوە و پێدری بەهۆی پێکانەوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دێ لافوێنتێ، پێشتر گوتبووی "یاریزانێک ئامادە نەبێت، یەکێکی دیکە ئامادەیە."
 
ئیسپانیا بەهێزترین هێڵی هێرشبەری لە یۆرۆدا هەیە و 11 گۆڵی تۆمارکردووە، فەرەنسا بەهێزترین هێڵی بەرگریی هەیە و 4 کلین شیتی هەیە، ئەمشەو ئالیانز ئارێنا، وەڵامی پرسیارێک دەداتەوە، کێ دەگاتە فایناڵ و کێ دەچێتە ماڵەوە؟