وەرزشوانانی رووس و بێلارووس نابێت هیچ میدالیایەک لە خولی یارییەکانی ئاسیادا ببەنەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

وەرزشڤانانی رووسیا و بێلارووسیا رێگەیان پێدەدرێت بەشداری لە خولی یارییە وەرزشییەکانی ئاسیا بکەن، بەڵام بەو مەرجەی بۆیان نییە هیچ میدالیایەک ببەنەوە. 
 
دوای ئەوەی بەهۆی هێرشکردنەسەر وڵاتی ئۆکراینا، سەرجەم چالاکییە وەرزشییەکانی وڵاتی رووسیا سڕکرا، هەروەها وڵاتی بێلارووسیاش بەهۆی هاوکاریکردنی رووسیاوە بەهەمان شێوە سزادرابوو، ئێستا پەیوەندییەکان خەریکە ئاسایی دەبنەوە، دوای ئەوەی لیژنەی ئۆڵیمپیی ئاسیا رێگەپێدانی بە وەرزشڤانانی هەردوو وڵآت دا بۆ بەشداری کردن لە خولی یارییە وەرزشییەکانی ئاسیا کە بڕیارە لەم ساڵدا بکرێت.
 
مەرجی لیژنەی ئۆڵیمپیی ئاسیا ئەوەیە کە نابێت وەرزشڤانانی رووسیا و بێلارووسیا بە ئاڵای وڵاتەکەیانەوە بەشداری بکەن، هەروەها بۆیان نییە سروودی نیشتیمانی وڵاتەکانیان لێبدەن، هیچ بەرپرسێکی سیاسی ئەو دوو وڵاتە بۆیان نییە یاوەریی شاندەکان بکەن و ئامادەی یارییە وەرزشییەکان بکەن. 
 
لە هەموو ئەو مەرجانە سەیرتر ئەوەیە، کە هیچ یاریزانێکی رووسی و بێلارووسی بۆیان نییە میدالیا ببەنەوە، لە کاتی بەدەستهێنانی پلەی یەکەمدا مێدالیایان پێنادرێت، بەڵام گرنگیی بەشداریکردنەکەیان لەوەدایە کە وەک پاڵاوتنێکە بۆ گەیشتن بە یارییەکانی ئۆڵیمپیادی 2024ـی پاریس. 
 
خولی یارییە وەرزشییەکانی ئاسیا لە رۆژی 23-9-2023 دەستپێدەکات تاوەکو 8-10-2023 لە شاری هانگچۆی چین.