خولی راهێنەرایەتی ئاسیایی لە هەولێر دەستیپێکرد
رووداو هەولێر
بەسەپەرشتی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و بەهاوکاری لقی هەولێر، خولی راهێنەرایەتی ئاستی بی ئاسیایی لە هەولێر دەستیپێکرد.
خولەکە بەسەرپەرشتی رەحیم حەمید، وانەبێژی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیایە، کە وانەکانی 21 رۆژ بەردەوامدەبن. 24 راهێنەر لەسەر ئاستی شارەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پارێزگاکانی موسڵ و سەڵاحەدین بەشدارن.
بێستون ئەکرەم، سەرۆکی لقی هەولێری فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، بە رووداوی راگەیاند "ئەم خولە لەسەر ئاستێکی بەرزە و ئەو کەسانەی بەشدارییانکردووە ئەو راهێنەرانەن کە دوو ساڵ یان زیاتر کارییان لەگەڵ یانەکان کردووە. وانەبێژی خولەکە کەسێکی بە ئەزموونە لەو بوارەدا".
رۆژانە لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەرزش و یاریگای فەڕەنسۆ هەریری وانەکانی خولەکە بەشێوازی زارەکی و کردارەکی دەگوترێنەوە، بەشداربووان فێری نوێترین زانستی راهێنان بە تیپ و گرنگیدان بە بەرنامەی خۆراک و راهێنان دەکرێن.
دوای تەواوبوونی خولەکە راهێنەرانی بەشدار تاقیکردنەوەیان بۆ دەکرێت و سەرکەوتووان دەبنە خاوەن بڕوانامەی بی ئاسیا.