مانچێستەر یونایتد لەگەڵ راهێنەرێکی بەنێوبانگ کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، بیر لە گرێبەستکردن لەگەڵ راهێنەرێکی نوێ دەکاتەوە، بۆ ئەوەی لە وەرزی نوێدا راهێنەرایەتی یانەکە بکات.
رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی بڵاویکردەوە، جیم راتکلیف، خاوەنی زۆرینەی پشکەکانی یانەی مانچێستەر یونایتد لە مۆناکۆی فەرەنسا لەگەڵ تۆماس توخێل، راهێنەری بەنێوبانگی ئەڵمانی و پێشووی یانەی بایرن میونشن کۆبووەتەوە، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی وەرگرتنی راهێنەرایەتی مانچێستەر یونایتد بکەن.
بەپێی سەرچاوەکە، توخێل لە کۆبوونەوەکەدا پلانی خۆی بۆ راتکلیف خستووەتەڕوو، کە لە ئەگەری وەرگرتنی راهێنەرایەتی یانەکە لە شوێنی تێن هاگ دەیەوێت جێبەجێی بکات.
بیڵد دەڵێت "توخێل رێگەی چارەسەرکردنی کێشەکانی مانچێستەر یونایتدی بۆ راتکلیف روونکردووەتەوە و پێی راگەیاندووە، کە دەیەوێت یانەکە بگەڕێنێتەوە سەر رێگەی راست، جگە لەوەش باس لە داهاتووی مەیسن ماونت و جەیدن سانچۆش کراوە."
تۆماس ناوی رۆدیگێری وەکو نموونەیەکی زیندوو خستووەتە بەردەم راتکلیف، کە چۆن توانیوویەتی هاوکاریی ئەو یاریزانە بکات بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە سەر ئاستێکی بەرز، کاتێک لە یانەی چێڵسی بووە.
تۆماس توخێل، پێشتر پێشکۆتاییهاتنی وەرزی 2023-2024ـی رکابەرییەکانی خولی ئەڵمانیا رایگەیاندبوو، لە کۆتایی وەرزدا لە یانەی بایرن میونشن دەڕوات، ئەو ئێستا یەکێکە لەو راهێنەرانەی بەردەستن بۆ هەر یانەیەک کە دەیانەوێت گرێبەستی لەگەڵ بکەن.
مانچێستەر یونایتد ئەنجامەکانی وەکو پێویست نەبوون، سەرەڕای ئەوەی نازناوی ئێف ئەی کەپی بەدەستهێنا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا داهاتووی ئێریک تێن هاگ لەگەڵ یانەکە بەتەواوی دیارنییە.