لاکازێت دوای 5 ساڵ گەڕایەوە لیۆن

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەلیکساندەر لاکازێت، هێرشبەری فەرەنسی و یانەی ئارسیناڵ بەگرێبەستێکی بێبەرامبەر گەڕایەوە یانەی لیۆن.
 
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، یانەی لیۆن بەفەرمی گەڕاندنەوەی ئەلیکساندەر لاکازێت، هێرشبەری فەرەنسیی بۆ ریزەکانی یانەکەی راگەیاند، لەکاتێکدا چەند رۆژێک لەمەوبەر ماڵئاوایی لە یانەی ئارسیناڵ کرد.
 
لاکازێت لە 2017 بەرامبەر 60 ملیۆن یۆرۆ یانەی لیۆنی بەرەو ئارسیناڵ بەجێهێشت، دوای 5 ساڵ یارییکردن جارێکی دیکە بەدرێسی ئەو یانەیەوە یارییدەکاتەوە، کە لە تەمەنی 12 ساڵیدا پەیوەندیی پێیەوە کردووە و 8 وەرزی پیشەگەریشی لەگەڵ تیپی یەکەمی یانەکە بەسەربردووە.
 
لاکازێت لە 5 ساڵدا لەگەڵ ئارسیناڵ 206 یاریی ئەنجامدا، 71 گۆڵی تۆمارکرد و یەکێک لە هێرشبەرە کاریگەرەکانی یانەکە بوو.
 
لەسەر ئاستی هەڵبژاردەی فەرەنسا، هێرشبەرەکە 16 یاریی نێودەوڵەتیی ئەنجامداوە و گرێبەستەکەی تاوەکو 2025 دەبێت.