باوکی مێسی راستییەکان ئاشکرا دەکات

رووداو دیجیتاڵ

خۆرخێ مێسی، باوکی لیۆنێل مێسی، ئەو هەواڵە رەتدەکاتەوە، کە ئەمڕۆ لە لایەن ئاژانسی فڕانس پرێسەوە بڵاوکرایەوە، گوایە مێسی و یانەی هیلالی سعودیە رێککەوتوون لەسەر ئەوەی ئەستێرەی ئەرجەنتینی لە وەرزی داهاتوودا بچێتە ریزەکانی یانە سعودییەکە و دەڵێت "ئەو هەواڵە درۆیە".
 
ئاژانسی فرانس پرێسی فەرەنسی، لە پێشهاتێکی نوێدا، ئەمڕۆ رایگەیاند "وەرزی داهاتوو لیۆنێل مێسی لە خولی سعودیە یارییدەکات و بە گرێبەستێکی زەبەڵاح و دەگمەن دەچێتە یانەی هیلال".
 
سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردبوو کە هەموو شتێک یەکلابووەتەوە و یاریزانەکە وەرزی داهاتوو لە سعودیە یارییدەکات.
 
بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە لەکاتێکدابوو، کە دوێنێ بەرنامەی ئێل چێرینگیتۆی ئیسپانیش رایگەیاندبوو، کە مێسی بە دەستەوارەی یانەی هیلال رازی بووە و دەچێتە یانە سعودییەکە.
 
خۆرخێ مێسی، باوکی لیۆنێل مێسی، لە ئینیستاگرامەکەی، پۆستێکی کردووە و تێیدا ئەو هەوڵانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت "هەمووی درۆیە".
 
باوکی مێسی، نووسیویەتی "بەهیچ شێوەیەک لیۆ هیچ رێککەوتنێکی نییە لەگەڵ هیچ یانەیەک بۆ وەرزی داهاتوو، ئەو بڕیارە هەرگیز نادرێت پێش ئەوەی لیۆنێل خولەکە لەگەڵ پاریس سانجێرمان تەواو بکات".  
 
ئەو دەشڵێت "زۆر کەس ناوی لیۆنێل بەکاردەهێنن بۆ بەدەستهێنانی نێوبانگ، بەڵام راستییەکە تەنیا یەک شتە و دەتوانین پشتڕاستی بکەینەوە کە هیچ شتێک و هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ هیچ کەسێکدا نەکراوە نە بە زارەکی و نە بە واژۆکردن".