فیفا رێگه‌ی نه‌داوه‌ یاریزانێكی كورد یاری بۆ هه‌ڵبژارده‌ی عێراق بكات

رووداو ـ هه‌ولێر

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ لایه‌ن كاتانیچی راهێنه‌ره‌وه‌ بانگهێشت كراوه‌ بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ ریزه‌كانی هه‌ڵبژارده‌ی عێراقه‌وه‌، ژیلوان حه‌مه‌دی یاریزانی پیشه‌گه‌ری كورد هێشتا له‌ لایه‌ن فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانه‌وه‌ رێگه‌ی پێنه‌دراوه‌ یاری بۆ هه‌ڵبژارده‌ی عێراق بكات.


یه‌كێتی تۆپی پێی عێراق، رایگه‌یاند هێشتا دۆسیه‌ی بانگهێشتكردنی ژیلوان حه‌مه‌د بۆ هه‌ڵبژارده‌ی نیشتیمانیی عێراق یه‌كلایی نه‌كراوه‌ته‌وه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن كاتانیچی راهێنه‌ره‌وه‌ بۆ هه‌ردوو یاری دۆستانه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق له‌ به‌رامبه‌ر تونس و لیبیا بانگهێشتكراوه‌. ئه‌ویش به‌هۆی هه‌ندێ كێشه‌ی كارگێڕی.

سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌ یه‌كێتی تۆپی پێی عێراق، له‌و باره‌وه‌ گوتی "ژیلوان رووبه‌ڕووی كێشه‌یه‌ك بووه‌ته‌وه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ پێشتر یاری بۆ هه‌ڵبژارده‌ی ئاسته‌ ته‌مه‌نییه‌كانی سوێد یاری كردووه‌، وه‌ك هه‌ڵبژارده‌ی تازه‌پێگه‌یشتووان و لاوان". 

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ هه‌روه‌ها گوتی "ئێستا له‌ لایه‌ن فیفاوه‌ وردبینی بۆ دۆسیه‌ی ژیلوان ده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ی دواتر بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بدات ئایا یاریكردنی ئه‌و بۆ هه‌ڵبژارده‌ی نیشتیمانیی عێراق شه‌رعییه‌ یان نا؟.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ كێشه‌ی ژیلوان له‌وه‌دا سه‌ری هه‌ڵداوه‌، كه‌ جیاوازی زانیاری هه‌یه‌ له‌نێوان پاسه‌پۆرته‌ كوردی و عه‌ره‌بییه‌كه‌یدا.

ژیلوان حه‌مه‌د، كه‌ خه‌ڵكی شاری رانییه‌ی باشووری كوردستانه‌ و وه‌ك یاریزانێكی پیشه‌گه‌ر یاری له‌ خولی سوێدی، ئه‌ڵمانی و دانیماركیدا كردووه‌، یاریزانی هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی سوێدیش بووه‌، ئێستا له‌ خولی كۆریای باشوور یاری بۆ یانه‌ی ئینچیۆن یونایتد ده‌كات.