کریستیانۆ رۆناڵدۆ سزا دەدرێت

رووداو دیجیتاڵ

پێدەچێت کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی، یاریزانی یانەی نەسڕی سعودی بە رۆژانێکی سەختدا تێبپەڕێت دوای ئەوەی تیپەکەی لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی سوپەری سعودیە بە رکابەرەکەی هیلال دۆڕا. پێشبینیش دەکرێت بە تووندی سزا بدرێت.
 
یانەی هیلال لە یاریی قۆناخی پێشکۆتایی جامی سوپەری سعودیەدا، کە لە ئەبوزەبی بەڕێوەدەچێت بە ئەنجامی 2-1 لە یانەی نەسڕی بردەوە و خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە، کە بەرامبەر یانەی ئیتیحاد ئەنجامی دەدات، کە ئەویش سەرکەوتنی بەسەر یانەی وەحدەدا بەدەستهێنا.
 
ئەوەی لە یارییەکەدا زۆر جێگای سەرنج بوو، ئەوەبوو کە ناوبژیوانی یارییەکە محەممەد هوەیش لە خولەکی 86 کارتی سووری بە رووی کریستیانۆ رۆناڵدۆدا بەرزکردەوە، بەهۆی بەگژداچوونەوەی عەلی بلێهیی بەرگریکاری یانەی هیلال.
 
میدیاکانی سعودیە پشتڕاستیانکردەوە کە ناوبژیوانەکە لە راپۆرتی یارییەکەدا هەڵسوکەوتی رۆناڵدۆی بە 'رەفتاری شەرمەزارکەر' وەسف کردووە بەهۆی لێدانی بەرگریکاری هیلال، بەمەش چاوەڕوان دەکرێت کریس سزا بدرێت.
 
لەو بارەیەوە د.ئەیمەن ریفاعی، سەرۆکی پێشووی لیژنەی دیسپلینی فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە، لەبارەی ئەگەرەکانی سزادانی کریس و شێوازی سزادانەکە، دووپاتیکردەوە کە پێشبینیکراوە رۆناڵدۆ سزا بدرێت و گوتی "ئەگەر ناوبژیوان لە راپۆرتی یارییەکەدا بەو شێوەیە باسی رۆناڵدۆی کردبێت، یاریزانەکە بە پێبژاردنی 20 هەزار ریالی سعودی سزا دەدرێت، لەگەڵ سڕکردن لە دوو یارییدا".
 
ئەو پسپۆرە روونیشی کردەوە "سزاکە راگرتنی ئۆتۆماتیکی لەخۆدەگرێت، واتە کۆی گشتی تەنیا دوو یاری دەبێت".
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، سەرەڕای ئەوەی هەمیشە یەکێک بووە لە باشترین یاریزانانی جیهان و 5 جار باڵۆن دۆری بەدەستهێناوە، بەڵام زۆرجار لەنێو یاریگەدا کۆنترۆلی خۆی لەدەستدەدات و چەندینجار بە کارتی سوور دەرکراوە.
 
دۆن کریستیانۆ لە کاروانی پیشەگەری خۆیدا 12 جار کارتی سووری بە روویدا بەرزکراوەتەوە، 8 جار بەشێوەی راستەوخۆ و 4 جاریش بەشێوەی ناڕاستەوخۆ، کە بەمشێوەیەن:
 
1- بەرامبەر ئاستۆن ڤێلا 2004
2- بەرامبەر مان سیتی 2006
3- بەرامبەر بورنسمۆس 2007
4- بەرامبەر مان سيتی 2008
5- بەرامبەر ئەلمێريا 2009
6- بەرامبەر مەلەگە 2010
7- بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدريد 2013
8 - بەرامبەر ئاتلێتیک بيلباو 2014
9- بەرامبەر کۆردوبا 2015
10 - بەرامبەر بارسێلۆنا 2017
11- بەرامبەر ڤالێنسیا 2018
12 - بەرامبەر هیلال 2024