ریال سۆسیداد پارێزگاری لە هیواکانی بۆ گەیشتن بە چامپیۆنزلیگ کرد

رووداو دیجیتاڵ

 

دوای دۆڕان لە گەڕی رابردوو، یانەی ریال سۆسیداد هاوسەنگی خۆی لە لالیگا بەدەستهێنایەوە و سەرکەوتنێکی گرنگ و سێ خاڵی نوێی بەدەستهێنا.
 
یانەی باسکی لەسەر یاریگای ئەنویتا، لە گەڕی 28ـی لالیگادا، میوانداری یانەی خیتافی کرد و بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر شکستی پێهێنا.
 
یانەی خانەخوێ لە نیوەی یەکەمدا رازی نەبوو بەبێ گۆڵ لە یاریگە بچێتە دەرەوە و میکێل ئۆیارزاباڵ دوای لەدەستدانی لێدانێکی سزا، لە دوایین خولەکی نیوەی یەکەمدا بە تۆمارکردنی گۆڵێک رێگەی بۆ بەدەستهێنانی 3 خاڵ خۆشکرد.
 
تیپی خاوەن یاریگە لە نیوەی دووەمیشدا سووربوو لەسەر زیادکردنی ژمارەی گۆڵەکانی، تاوەکو لە خولەکی 60 کوبۆی یاریزانی لاوی ژاپۆنی گۆڵی دووەمی تۆمارکرد و یارییەکە بەو ئەنجامە کۆتاییهات.
 
بەم سەرکەوتنە ریال سۆسیداد بەخێرایی رێچکەی سەرکەوتنەکانی لە لالیگادا بەدەستهێنایەوە و ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە 51 خاڵ لە پلەی چوارەمی ریزبەندیی لالیگادا.
 
تیپی باسکی هەروەها بەم سەرکەوتنە پارێزگاری لە هیواکانی کرد بۆ بردنەوەی دوایین بلیتی لالیگا بۆ چامپیۆنزلیگ لە وەرزی داهاتوودا، کە 4 خاڵ پێش ڤیاریالی پێنجەمی ریزبەندیی کەوتووە.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە خیتافی بە 30 خاڵ پلەی 14ـی ریزبەندیی خولەکی گرتووە.