مێسی و بارسێلۆنا، جیابوونەوە بە ئازارەکە


رووداو دیجیتاڵ

دوێنێ شەو جارێکی دیکە پاریس سانجێرمان ماڵئاوایی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا کرد، پاشئەوەی جارێکی دیکە بە بایرن میونشنی ئەڵمانی دۆڕا.
 
دۆڕانەکەی سانجێرمان، جارێکی دیکە ئازارەکانی مێسی لە چامپیۆنزلیگدا کولاندەوە.. چەندین ساڵە سانجێرمان پارەی خەیاڵیی بۆ گەیشتن بە نازناوی چامپیۆنزلیگ خەرجدەکات، بەڵام پێی ناگات.
 
مێسی لە هاوینی 2021ەوە یاری بۆ پاریس سانجێرمان دەکات، پاشئەوەی لەگەڵ بارسێلۆنادا نەیتوانی گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە. پاریسییەکان مێسییان بردە لای خۆیان بەئومێدی ئەوەی هاوکارییان بکات بۆ بردنەوەی چامپیۆنزلیگ، بەڵام ئەوە دووەم وەرزی لەسەریەکە، هەمان خەون جارێکی دیکە لەباردەچێت، لە کاتێکدا مێسی و سانجێرمان پێکەوەن.
 
مێسی و سانجێرمان وەرزی رابردوو لە قۆناخی چارەکی کۆتاییدا لەسەردەستی ریال مەدرید دەرکران. گەرچی لە یاریی چووندا سانجێرمان بە گۆڵێکی بێبەرامبەر براوە بوو، بەڵام لە یاری گەڕانەوەدا ریال مەدرید ریمۆنتادای بەسەر یانە پاریسییەکەدا کرد و کردیە دەرەوە. ئەوە سەرەتای ریمۆنتادا مێژووییەکانی ریال مەدرید بوو لە چامپیۆنزلیگی وەرزی رابردوو، کە دواتر یانەکەیان گەیاندە نازناوی پاڵەوانێتییەکە.
 
ئەمساڵ، هەمان سیناریۆی وەرزی رابردوو دووبارە بووەوە، بەڵام ئەمجارەیان بەرامبەر بایرن میونشن. پاریس ئەمساڵ هەردوو یارییەکەی قۆناخی شانزەی دۆڕاند و بەوەش شکستە ئەوروپییەکەی یانە پاریسییەکە بەردەوامە.
 
لەوکاتەوەی مێسی و بارسێلۆنا لەیەکدی جیابوونەتەوە، بارسێلۆناش دۆخی لەو خراپترە و نەیتوانیوە لە دوای مێسییەوە قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ تێپەڕێنێت.
 
لە وەرزی یەکەمی دوای رۆیشتنی مێسیدا، بارسێلۆنالە کۆمەڵەکەی خۆیدا لە چامپیۆنزلیگ پلەی سێیەمی بەدەستهێنا بەکۆکردنەوەی 7 خاڵ، لە پاش بێنفیکای دووەم کە هەشت خاڵی هەبوو و بایرن میونشن کە 18 خاڵی هەبوو.
 
بارسا لە میانی شەش یاریدا، لە وەرزی رابردووی چامپیۆنزلیگ، تەنیا دوو یاری لە لاوازترین تیپی نێو کۆمەڵەکەی بردەوە کە ڤیکتۆریا پڵزنی چیکی بوو، سێ یاریی دیکەی دۆڕاند و یارییەکیش یەکسانبوو.
 
ئەو ئەنجامە خراپانە، بارسێلۆنایان بردە یۆرۆپالیگ و لەوێش لە قۆناخی چارەکی کۆتاییدا لەسەردەستی ئاینتراخت فرانکفۆرتی ئەڵمانی دەرکرا.
 
وەرزی ئەمساڵ، هەمان شکستی ئەوروپی دووبارە بووەوە، تیپەکە جارێکی دیکە پلەی سێیەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەی بەدەستهێنایەوە و ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ کرد و روویکردە یۆرۆپالیگ.
 
ئەمساڵ بارسا لە کۆمەڵەکەیدا بەرامبەر بایرن میونشنی ئەڵمانی، ئینتەرمیلانی ئیتاڵی و ڤیکتۆریا پڵزن یاریکرد و لە میانی شەش یاریدا لە کۆمەڵەکەی تەنیا دوو بردنەوەی بەدەستهێنا، سێ دۆڕان و یەکسانبوونیش لە یارییەکدا.
 
بەهۆی ئەو ئەنجامانەوە بارسێلۆنا جارێکی دیکە پلەی سێیەمی کۆمەڵەکەی گرت، لە پشتی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی بە 10 خاڵ و بایرن میونشنی ئەڵمانی بە 18 خاڵ.
 
دوای ئەوە بارسێلۆنا جارێکی دیکە روویکردەوە خولی یۆرۆپالیگ و تیروپشک لە قۆناخی پلەی ئۆفدا خستییەوە بەرامبەر مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی و ئەو یانەیە لە ئەنجامی هەردوو یاریی چوون و هاتندا بارسێلۆنای لە پاڵەوانێتییەکە دەرکرد.
 
ئەوەی ئەمساڵ لە کاروانی مێسی لە چامپیۆنزلیگ و کاروانی پاریس سانجێرمان لە هەمان پاڵەوانێتیدا روویدا، جارێکی دیکە دووپاتی لەوە کردەوە، مێسی و بارسێلۆنا، بەتەنیا ناگەنەوە بە نازناوی چامپیۆنزلیگ و دەبێ هەموو وەرزێک، شکستێکی نوێ لە ژیانی خۆیاندا بنووسنەوە.