ڤیدیۆ؛ بەهۆی شەڕ و ئاژاوەوە 10 هاندەر دەستگیرکران و چەند بەرپرسێک دوورخرانەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئەمنی مەکسیک دەستگیرکردنی 10 هاندەری راگەیاند، کە چەند رۆژێک لەمەوبەر بوونە هۆکاری دروستبوونی شەڕ و ئاژاوەیەکی گەورە لە یاریی نێوان هەردوو یانەی کیریتارۆ و ئەتلەس لە خولی وڵاتەکەدا.
لە یارییەکەدا سەدان هاندەر بە گژیەکدا چوونەوە و بەو هۆیەوە زیاتر لە 26 هاندەر برینداربوون، کە تاوەکو ئێستا بارودۆخی هەندێکیان ناجێگیرە.
دوای لێکۆڵینەوە لە رووداوەکان، دەستەڵاتدارانی مەکسیک دەستگیرکردنی 10 هاندەری راگەیاند، کە بوونەتە هۆکاری ئەوەی شەڕ و ئاژاوەکە دروستببێت، جگە لەوەش 5 بەرپرسی ویلایەتی کیریتارۆ کارەکانیان راگیرا، بەهۆی ئەوە کەمتەرخەمیان کردووە لە پاراستنی ئارامی یارییەکە.
بەهۆی ئەو شەڕ و ئاژاوانە یانەی کیریتارۆ بە توندی سزادرا، کە میکێل ئاریۆلا، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبردنی خولەکە دەڵێت " هاندەرانی یانەکە بۆ 3 ساڵ لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان ناتوانن لە یاریگەدا ئامادەبن، جگە لەوەی یانەکە بۆ یەک ساڵ ناتوانێت لە یاریگەی خۆیدا یاری بکات."
هەر بەهۆی ئەو رووداوانەوە 70150 دۆلار وەک سزای دارایی لەسەر یانەکەدا دەسەپێندرێت.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە لە یاریی نێوان هەردوو یانەی کیریتارۆ و ئەتلەس، شەڕ و ئاژاوەیەکی زۆر لەنێوان هاندەرانی هەردوو یانەدا روویدا و بەو هۆیەوە ژمارەیەکی زۆری هاندەران برینداربوون.
یارییەکە لە یاریگەی کوریگۆدۆرا بەڕێوەچوو کە یاریگەی یانەی کیریتارۆیە،لە خولەکی 62ـی یارییەکەدا لەکاتێکدا یانەی میوان بە گۆڵێک لەپێشەوە بوو، هاندەرانی یانەی کیریتارۆ هێرشیانکردە سەر هاندەرانی یانەی ئەتلەس کە بەشێکیان چەکیان پێبووە و وردە وردە بووە شەڕێکی گەورە.
دوای ئەو رووداوانە فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان فیفا هاتە سەرهێڵ و رایگەیاند، ئەوەی روویداوە لە تۆپی پێدا جێگەی نابێتەوە و داوای لێکۆڵینەوەی بەپەلە لە رووداوەکان دەکەین.