دەتوانن ریمۆنتادا بکەن؟ کۆمان وەڵامدەداتەوە

رووداو دیجیتال

رۆناڵد کۆمان، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، ئامادەی تیپەکەی بۆ شەڕکردن دژی پاریس سانجێرمان و ئەنجامدانی ریمۆنتادا دووپاتکردەوە.

لە یاری چوونی گەڕی 16ـی چامپیۆنزلیگدا، پاریس سانجێرمان بە ئەنجامی 4 - 1 لە بارسێلۆنای بردووەتەوە، بۆیە پێویستە بارسا بەجیاوازی 4 گۆڵ یارییەکە بباتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت بگاتە قۆناخی 8ـی پاڵەوانێتییەکە.

کۆمان لە کۆنگرە رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و دووپاتیکردەوە کە ریمۆنتادا و هیچ شتێک لە تۆپی پێدا مەحاڵ نییە و گوتی "پێموایە هیچ شتێک مەحاڵ نییە و دەبێت لە یارییەکەدا کاریگەر و چالاک بین بۆ ئەوەی بژاردەی سەرکەوتنمان هەبێت".

راهێنەری بارسا، هەروەها گوتی "لە یاری چووندا لە ساتێکی باشدا بووین، بەڵام ناتوانین بەراوردی دۆڕانی دەرەوەی یاریگەی خۆت بە ئەنجامی 0 - 2 بەرامبەر سێڤییا، بە دۆڕاندنی 1 - 4 لەسەر یاریگەی خۆت بە پاریس سانجێرمان بکەین، دۆڕانەکەی بەرامبەر پاریس سانجێرمان زۆر ئاڵۆزترە، هەروەها سانجێرمان تیپێکی بەهێز و تا ئەوپەڕ هیوایان هەیە لە چامپیۆنزلیگدا، بەڵام بێگومان هەوڵدەدەین لێیان ببەینەوە".

کۆمان لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە گرنگی بوونی مێسی بۆ ئەنجامدانی ریمۆنتادا؟، گوتی "بێگومان ئەگەر بیر لە توانای خۆمان بکەینەوە بۆ گەڕانەوە پێویستە هەموو یاریزانەکان لە باشترین ئاست و توانادابن، ئەگەر مێسی توانی یەکێک لە باشترین یارییەکان ئەنجام بدات، هیچ شتێک مەحاڵ نییە و دەکرێت رووبدات، چونکە لیۆ لە هەر کاتێکدا بێت دەتوانێت بڕیار لەسەر هەر یارییەک بدات، بەڵام نەک مێسی بەتەنیا، دەبێت یاریزانەکانیش یارمەتی بدەن".

لەبارەی ئەگەری دووبارەبوونەوەی سیناریۆی ساڵی 2017؟ کۆمان گوتی "پێموانییە پاریس سانجێرمان لە ئێمە بترسێت، بێگومان راهێنەرەکەیان بە باشترین شێوە ئامادەکاری بۆ ئەم یارییە دەکات، بۆ ئەوەی یاریزانەکانی پێیانوانەبێت کە یارییەکی ئاسانیان هەیە، بەڵام دۆخێکی تەواو جیاواز هەیە بۆ گەڕانەوە، یاریکردنیش لەسەر خاکی خۆت ئاسانترە نەک لە دەرەوەی وڵات".

راهێنەرە هۆڵەندییەکە، لەسەر ئامادەنەبوونی نەیمار و کەینیش، لێدوانی دا و گوتی "دەبێت بە سەختی و لە ستایلی خۆماندا یاری بکەین، دەرفەتی گۆڵکردن دروست بکەین، ئەگەر هەموو هەوڵمان بدەین ئەنجامەکەی دەبینین، گرنگترین شت ئەوەیە کە هەموو هەوڵی خۆمان بدەین، ئەگەر وانەبین ئەوا خراپترین شتە کە دەکرێت رووبدات".