یارییەکەی ئەمڕۆی مانچێستەر سیتی و وێستهام دواخرا

رووداو - هەولێر

بەشێوەیەکی فەرمی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگلتەرا، بڕیاری دواخستنی یارییەکەی نێوان هەردوو یانەی مانچێستەر سیتی و وێستهامی دا، کە بڕیاربوو ئەمڕۆ ئێوارە بەڕێوەبچێت.

یانەی مانچێستەر سیتی لەسەر ماڵپەری فەرمی خۆی رایگەیاندووە، بەهۆی خراپی کەشوهەوا و بەلە بەرچاوگرتنی سەلامەتی یاریزانان و کارمەندەکان، بڕیاری دواخستنی یارییەکەمان بەرامبەر یانەی وێستهام درا.

لەلایەن خۆیەوە یانەی وێستهامیش لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا دواخستنی یارییەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، لەپێناو پاراستنی سەلامەتی هەموو لایەکدا بەهۆی خراپی کەشوهەواوە یارییەکە دواخرا.

بڕیاربوو ئەمڕۆ ئێوارە لە گەڕی 26ـی پرێمەرلیگدا، یانەی مانچێستەر سیتی لەنێو یاریگە و هاندەرانی بەرامبەر وێستهام یاریی بکات، بەڵام بەهۆی خراپی کەشوهەوا بڕیاری دواخستنی یارییەکە درا.