ڤیدیۆ؛ بە سێ ئاسیستی مێسی بارسا بە زەحمەت لە داوی ریال بێتیس رزگاری بوو

رووداو-هەولێر

یانەی بارسێلۆنا بردنەوەیەکی زەحمەتی بەسەر یانەی ریال بێتیسدا تۆمارکرد و بەردەوامی بە راوەدوونانی یانەی ریال مەدرید دا.

یاریگەی ڤیامارین لە شاری سێڤییا میوانداری یانەی بارسێلۆنای کرد، یارییەکەش بە سوودی کوڕانی کیکێ سێتین بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ کۆتاییهات و لیۆنێل مێسیش سێ ئاسیستی بۆ هاوڕێکانی کرد.

لە نیوەی یەکەمدا رووداوی زۆر هەبوون، چوار گۆڵ تۆماکران، دووان بۆ بێتیس کە لەلایەن سێرخیۆ کانالێس و نەبیل فەقیرەوە تۆمارکران، دووانیش بۆ بارسا کە فرانکی دی یۆنگ و سێرخیۆ بۆسکێتس تۆماریان کرد.

لە نیوەی دووەمدا تەنیا گۆڵێک هەبوو لەگەڵ دوو کارتی سووردا، گۆڵەکە بۆ بارسا بوو کە لەلایەن کلیمێن لێنگلێوە تۆمارکراو بارسا بەو گۆڵە براوەبوو، کارتە سوورەکانیش بۆ نەبیل فەقیر و کلیمێن لێنگلێ بوو.

بلاوگرانا کۆی خاڵەکانی بۆ 49 خاڵ بەرزکردەوە و پلەی دووەمی بەدەستەوەیە، ریال بێتیسیش پلەی  13 ی گرتووە بە 28  خاڵ.