جیانی ئینفانتینۆ.. ئەو پیاوەی قاچی بەر تۆپ نەکەوتووە و سەرۆکی فیفایە

رووداو دیجیتاڵ

جیانی ئینفانتینۆ، ئەو پیاوەیە کە بەبێ ئەوەی یاریزانی تۆپی پێ بێت، بە تواناکانی خۆی توانیویەتی ببێتە یەکێک لە دیارترین و بەنێوبانگترین کەسایەتییەکانی ئەو بوارە، ئەو توانی لە سکرتێری فیفاوە ببێتە سەرۆکی گەورەترین دەزگای وەرزشی.
 
ئەوەی سەیری کەسایەتی و کارەکانی ئەم پیاوە بکات، دان بەوەدا دەنێت کە شایەنی ئەوەیە سەرۆکی تۆپی پێی هەموو جیهان بێت، چونکە دوای ئەوەی لە مانگی دووی 2016 لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی فیفادا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و جێگەی جۆسێپ بلاتەری گرتەوە، کە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستیلەکارکێشایەوە، بەڵێنی خۆی بردوەتەوە و تۆپی پێی بەرەوپیش بردووە، کە هەر خۆی دروشمی بۆ هەڵبژاردنەکان بریتی بوو لە "تۆپی پێ بەرەرو پێشەوە دەبەین".
 
ئەو بزنسمان و پارێزەرە سویسرییە، هێندە بە جوانی کارەکانی بەڕێوەدەبات تاوەکو دێت بەهێزتر دەبێت، تەنانەت ئێستا بوێری ئەوەی هەیە نەخشەی تۆپی پێ بگۆڕێت، ئەو دەیەوێت بوومەلەرزەیەک لە جیهانی تۆپی پێدا دروستبکات، کە لەوەتەی ساڵی 1930ـیەوە کەس بوێری نەبوو قسەی لەسەر بکات، ئەو دەیەوێت لەمەودوا مۆندیال لە جیاتی 4 ساڵ، دوو ساڵ جارێک بکرێت.
 
ئەوەی هێزی بەم پیاوە داوە ئەوەیە کە توانایەکی سەرسوڕهێنەری هەیە لە بەدەستهێنانی پشتگیری سەرۆکی یەکێتییەکانی تۆپی پێی کیشوەر و وڵاتانیش، ئەویش لە رێگەی یارمەتیدان و هاندانیەوە، بۆ نموونە پشتگیریکردنی لە جامی عەرەب، کە بەمدواییە بەشێوەیەکی زۆر سەرکەوتوو لە قەتەر بەڕێوەچوو، وایکردووە کەنداوییەکان ببنە هاوڕێ و پشتیوانێکی باشی خۆی و فیفا.
 
 
ژیانێکی شاهانە
 
ئینفانتینۆ لە خانەوادەیەکی دەوڵەمەندی سویسرییە، ناوی تەواوی جیۆڤانی ڤینزینزۆ ئینفانتینۆیە، کە بۆ جیانی کورکراوەتەوە، ئەو لە 23ـی ئاداری 1970 لە شارۆچکەی بریگ گیلیس لە سویسرا لەدایکبووە، ڤینزینزۆی باوکی بزنسمان بوو، ماریای دایکیشی ژنی ماڵەوە بوو، ئەو بە منداڵی ژیانێکی خۆشی بەسەربرد و بەپێچەوانەی زۆر لە ئەستێرەکانی جیهانی تۆپی پێ هەژاری نەبینیوە، هەر بیریشی لە تۆپی پێ نەدەکردەوە، بەهۆی ئەوەی کە لەگەڵ خوشک و براکانی ژیانێکی شاهانەیان هەبوو.
 
بەڕەچەڵەک ئیتاڵییە
 
سەرۆکی ئێستای فیفا بەڕەچەڵەک ئیتاڵییە، ئەوان لە بنەڕەتدا لە خانەوادەیەکی ئیتاڵیین و دایک و باوکی دوای پێکهێنانی ژیانی هاوژینی چوونەتە سویسرا، ئەوان ئینفانتینۆی کوڕیان ناردە قوتابخانە و ئینفانتینۆ خوێندنەکەی لە باشترین و پێشکەوتووترین قوتابخانە و زانکۆکانی سویسرا تەواوکردووە و هەر بۆیەش ئەکادیمیکارێکی باشی لێدەرچووە.
 
دوای ئەوەی ئینفانتینۆ قۆناخەکانی خوێندنی بەسەرکەوتووی بڕی، پەیوەندی بە زانکۆی فرێبۆرگی سویسرییەوە کرد، کە تایبەت بوو بە خوێندنی یاسا.
 
خانەوادەی ئینفانتینۆ پێیوابوو خوێندن لە تۆپی پێ گرنگترە، بۆیە کوڕەکەیان یاری تۆپی پێی نەدەکرد، مەگەر لە هەفتەیەکدا یەک دووجار یاری کردبێت، بەڵام وەک یاریزانێکی پیشەگەر هەرگیز قاچی بەر تۆپ نەکەوتووە.
 
جینای دوای ئەوەی زانکۆی تەواوکرد، بڕیاریدا لە دەرگایەکی دیکەوە بچێتە نێو جیهانی تۆپی پێ، کە سەرەتا لە چوونە نێو پۆستە کارگێڕییەکانی یەکێتییە نێوخۆییەوکانەوە دەستیپێکرد و لەوێوە چووە یوفا و لەوێشەوە بۆ سەرۆکی فیفا.
 
 
چەندین پۆستی کارگێڕی
 
جیانی بەر کلەوەی بچێتە نێو یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا، چەندین پۆستی کارگێڕی بەڕێوەبردووە، کە سەرەتا بووە ئەمینداری گشتیی ناوەندی لێکۆلینەوە وەرزشییەکانی زانکۆی نیوشاتلی سویسری، ئینجا وەک راوێژکاری چەندین دەزگای وەرزشی لە ئیتاڵیا، ئیسپانیا و سویسرا کاری کردووە، تاوەکو لە ساڵی 2000 دەستی بەکارکردن لەگەڵ یوفا کرد لە بەشی کاروباری یاسایی و بازرگانی.
 
لە 2004 تاوەکو 2007 بەڕێوەبەری کاروباری یاسایی یوفا بووە، ئینجا بووە ئەمینداری گستی یوفا بەشێوەی کاتی و لە ساڵی 2009 ووە ئەمینداری گشتی یوفا.
 
 
سەرۆکی فیفا
 
جیانی ئیفانتینۆ لە مانگی دووی 2016 هەنگاوێکی گەورەی لە ژیانی پیشەیی خۆیدا نا و لە هەڵبژاردنەاکنی سەرۆکایەتی فیفادا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بووە سەرۆکی گەورەترین دەزگای تۆپی پێ لە جیهاندا، دوای ئەوەی لە کۆی 107 دەنگ 105 دەنگی بەدەستهینا، سەرەڕای ئەوەی 3 رکابەری بەنێوبانگی هەبوو، کە بریتی بوون لە هەریەک لە شێخ سەلمان بن ئیبراهیم ئال خەلیفە، عەلی کوڕی حوسەینی برای شا عەبدوڵڵای شای ئوردن و جیرۆم شامپینی فەرەنسی.
 
باوکی 4 کچە
 
جیۆڤانی لەگەڵ خانمێکی لوبنانی ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و باوکی 4 کچە، ئەو وەک زۆربەی ئەستێرەکانی جیهانی تۆپی پێ هەوڵدەدات ژیان و نهێنییە خێزانییەکانی دوور لە میدیاکان بپارێزێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەیتوانیوە هەندێک زانیاری بە نهێنی بهێڵێتەوە، کە پیاوی یەکەمی فیفا ژیانی هاوژینی لەگەڵ لینا ئەشقەری لوبنانی پێکهێناوە و 4 کچی لێ هەیە، بە ناوەکانی ئەلیسام سابرینە، شانیا و دالیا، کە ئەم چوار کچە لەگەڵ دایکیان بەشێکی گرنگ لە ژیانی ئینفانتینۆ پێکدەهێنن و ئێستا لە شاری نیۆنی سویری و دوور لە چاوی دامودەزگاکانی راگەیاندن دەژین.
 
 
چۆن هاوژینەکەی ناسی؟
 
لینای هاوژینی پێشتر وەک سکرتێری یەکێتی تۆپی پێی لوبنانی کاری کردووە، هەر لەو رێگایەشەوە جیانی ناسیوە و دواتر هاوسەرگیرییان کردووە.
 
سەرەای یەکدی ناسینی ئەو دووانە بۆ ساڵی 1999 دەگەڕێتەوە، کە ئەوکات ئینفانتینۆ ئەمینداری گشتیی ناوەندی لێکۆلینەوە وەرزشییەکانی زانکۆی نوشاتیلی سویسری بوو، ئەو زانکۆیە سمینارێکی بۆ نوێنەرانی یەکێتییەکانی تۆپی پێی وڵاتانی ئاسیا رێکخست و لینا بە نوێنەرایەتی یەکێتیی تۆپی پێی لوبنان ئامادەی سمینارەکە بوو کە لە شاری نوشاتیلی سویسری بەڕێوەچوو. لەو سمینارەدا لە نێو 27 بەشداربوودا تەنیا لینا ئافرەت بوو.
 
لینا هەندێک نهێنی لەبارەی یەکەم ناسینی نێوان خۆی و ئینفانتینۆ ئاشکرا دەکات و دەڵێت "ئاسایی بوو کە من سەرنجی ئینفانتیۆ لەو کۆبوونەوەیەدا رابکێشم، لەبەرئەوەی من تاکە خانم بووم لەو سمینارەدا، لە راستدیا لە یەکەم نیگاوە خۆشەویستی نێوان من و ئەو دروستبوو". 
 
ئەو زیاتر دەڵێت "ئەو دواتر دووجار سەردانی لوبنانی کرد و خانەوادەی منی ناسی بەر لەوەی لە 2001 ژیانی هاوژینی پێکبهێنین". لینا لە بەردەوامی قسەکانیدا دەڵێت "من هانمدا بۆ ئەوەی وەک راوێژکاری ایسایی لەگەڵ یوفا کاربکات".
 
مووچەکەی چەندە؟
 
مووچەی سەرۆکە سویسرییەکەی فیفا ساڵانە لە 1.5 ملیۆن یۆرۆ تێپەڕ ناکات، ئەو بۆ دووبارە نەبوونەوەی سیناریۆ پلاتەر، بڕیاریدا لە ساڵێکدا لە 1.38 ملیۆن یۆرۆ زیاتر وەرنەگرێت، واتا بە رێژەی 58٪ کەمتر لەو مووچەیەی کە بەر لەو پلاتەر وەریدەگرت، کە مووچەی ساڵانەی 3.5 ملیۆن یۆرۆ بوو.
 
6 زمان دەزانێت
 
ئینفانتینۆ جگە لەو ئەزموون و شارەزاییە زۆرەی لە بواری کارگێڕیی و یاسایی تۆپی پێدا هەیە، دەتوانێت بە 6 زمانیش قسە بکات، کە ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ ئەەی لە کارەکانیدا زیاتر سەرکەوتوو بێت.
 
ئەو زمانەکانی ئینگلیزی، فەرەنسی، ئەڵمانی، ئیسپانی، ئیتاڵی و عەرەبیش دەزانێت، کە هەندێجار بە عەرەبش قسە دەکات و لە رێگەی هاوژینە لوبنانییەکەیەوە فێری بووە.
 
هاندەرێکی سەرسەختی ئینتەرمیلانە
 
زۆربەی بەرپرسانی تۆپی پێی جیهانی هەستەکانیان دەشارنەو و ئاشکرای ناکەن کە هاندەری کام یانەن، بەڵام جیانی ئینفانتینۆ، کە سەرۆکی گەرورەترین دەزگای تۆپی پێیە لە جیهاندا، بەپێچەوانەی هەموو ئەوانەی دیکە، راشکاوانە رایگەیاندووە کە هاندەرێکی سەرسەختی یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵییە، لەگەڵ ئەوەشدا توانیویەتی خۆی لە رەخنەی جەماوەر و هاندەرانی تۆپی پێ بپارێزێت، بەهۆی ئەو شێوازە پیشەگەرییەی کارەکانی پێی بەڕێوەدەبات.
 
 
پڕۆفایل:
 
ناو: جیۆڤانی ڤینزینزۆ 
نازناو: ئینفانتینۆ
وڵاتینامە: سویسری و ئیتاڵی
لەدایکبوون: 23ـی ئاداری 1970
شوێنی لەدایکبوون: بریگ گیلیس لە سویسرا
پیشە: پارێزەر