ڤیدیۆ؛ ریمۆنتادا بەسەر بایرن میونشندا کرا

رووداو دیجیتال

یانەی بۆرووسیا مونشنگلادباخ ریمۆنتادای بەسەر بایرن میونشندا کرد و 3 خاڵی گرنگی بەدەستهێنا، دەرفەتیشی بۆ یانەی لایپزیگ رەخساند پێشەنگیی ریزبەندیی لە یانە باڤارییەکە وەربگرێت.

لە یاری یەکەمی گەڕی 15ـی بوندێسلیگادا، یانەی بۆرووسیا مونشنگلادباخ لە یارییەکی پڕ لە جۆش و خرۆشدا شکستی بە بایرن میونشنی پێشەنگ هێنا و 3 - 2 لێیبردەوە.

سەرەتا بایرن میونشن لە رێگەی گۆڵکارەکەی، رۆبێرت لیڤاندۆڤێسکییەوە بە گۆڵێک پێشکەوت، کە لە خولەکی 21 بە لێدانی سزا تۆماریکرد.

دوای تەنیا 5 خولەک لیون گوریتسکا گۆڵی دووەمیشی بۆ یانەی باڤاریا بەدەستهێنا.

بۆرووسیا مونشنگلادباخ نەک هەر خۆی بەدەستەوە نەدا، بەڵکو وەڵامێکی زۆر تووندی هەبوو، کە لە ماوەی 14 خولەکدا 3 گۆڵی تۆمارکرد و ریمۆنتادای بەسەر پاڵەوانی ئەڵمانیادا کرد.

سەرەتا جۆناسان هوفمان لە خولەکی 35دا گۆڵی یەکەمی بۆ مونشنگلادباخ بەدەستهێنا، ئینجا هەمان یاریزان لە دوایین خولەکی نیوەی یەکەمدا گۆڵی دووەم و یەکسانبوونیشی تۆمارکرد.

تەنیا 4 خولەک دوای دەستپێکردنی نیوەی دووەم، فلۆریان نیوهاوس لە خولەکی 49دا گۆڵی سێیەم و بردنەوەی بەدەستهێنا و 3 خاڵی یارییەکە بوونە بەشی خاوەن یاریگە.

بەم ئەنجامە ژمارەی خاڵەکانی بۆرووسیا مونشنگلادباخ گەیشتە 24 خاڵ لە پلەی حەوتەمی ریزبەندیی و بایرن میونشنیش بە 33 خاڵ لە پلەی یەکەم مایەوە، بەڵام ئەگەر ئەمڕۆ لایپزیگ یارییەکەی بەرامبەر بۆرووسیا دۆرتموند بباتەوە پێشەنگی لێوەردەگرێت.