فلیک بۆ یەکەمجار بڕیاری دەرکردنی یاریزانێکی بارسێلۆنای دا
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەکانی نزیک لە ژووری جلگۆرینی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، ئاشکرایانکرد کە هانزی فلیکی راهێنەری یانەکە لەدوای یاریی بەرامبەر ریال بێتیس زۆر لە یاریزانێکی تووڕە بووە و بڕیاری داوە رێگەی پێنەدات جارێکی دیکە یاری بۆ بارسا بکاتەوە.
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی جارێکی دیکە لە یاریگای بینیتۆ ڤیامارین هاندەرانی بێهیوا کرد، کاتێک بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ لەگەڵ ریال بێتیس یەکسان بووەوە، و دوو خاڵی گرنگی لەدەستدا، کە دەکرێت بەهۆیانەوە پێشەنگی ریزبەندیی لالیگا لەدەستبدات.
بەڵام هەڵەی تاکەکەسی و نەبوونی هێزی بەرگری، جیاوازی دروستکرد و فرێنکی دی یۆنگ یەکێک بوو لە هۆکارە سەرەکییەکانی پشت ئەم شکستە، کە دوای چەند خولەکێک لە چوونی بۆ نێو یاریگا وەک یاریزانی یەدەگ لە گێمی دووەمدا، یاریزانە هۆڵەندییەکە لێدانێکی سزای بە تیپی بەرامبەر بەخشی و گۆڵی یەکسانبوونەوەی بە بێتیس دا.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا لەدوای یارییەکە ناڕەزایی خۆی لە ئاستی دی یۆنگی نیشانداوە و ئەگەری هەیە بەو هۆیەوە ئەمە دوایین یاری ئەو بێت لەگەڵ بارسا.
بەگوێرەی سەرچاوە نزیکەکانی یانەکە، فلیک بڕیاری داوە لە داهاتوودا پشت بەو یاریزانەی هێڵی ناوەڕاست نەبەستێتەوە، کە پێدەچێت راهێنەری ئەڵمانی چیدی نەتوانێت دەرفەتی خۆسەلماندنی پێبداتەوە.
ئەو سەرچاوانە، دەڵێن "رۆیشتنی دی یۆنگ لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا نزیکە لە مسۆگەری".
لەدوای چوونی بۆ یانەی بارسێلۆنا لە ساڵی 2019، دۆخی دی یۆنگ بووەتە جێی مشتومڕی بەردەوام، سەرەڕای توانای تەکنیکی و کوالیتی، ئەو سەرکەوتوو نەبوو لە سەپاندنی خۆی وەک پێشەنگێک لە هێڵی ناوەڕاستدا، کە ئەو رۆڵەی نەبووە کە چاوەڕوانی لێدەکرا.
گۆڕانکاری بەردەوام لە ستافی راهێنەرایەتی و گوشاری زۆری مووچە و ئاستە ناجێگیرەکەی وایکردبوو کە بە بەردەوامی مشتومڕی لەسەر هەبێت. بەڵام وادیارە دوای یارییەکەی ریال بێتیس، هانزی فلیک ئامادە نەبێت ئەو یاریزانانە لای خۆی بهێڵێتەوە، لەبەرئەوەی چارەسەری دەستبەجێی بۆ دابین ناکات.
ئەو لێدانی سزایەی، دی یۆنگ بە ریال بێتیسی بەخشی، تاکە هەڵەی ئەو نەبوو لە یارییەکدا، بەڵکو لەماوەی ئەو خولەکانەی یاری دەکرد، نەبوونی ریتم و نەبوونی پەیوەندی لەگەڵ هاوڕێکانی و هەڵە لە بڕیاردان بەئاشکرا بەئاستییەوە دیاربوون. ئەم کەموکوڕیانە پێچەوانەی ئاستی یاریزانانی دیکەی هیڵی ناوەڕاستن، وەک گاڤی و پێدری، کە سەلماندوویانە کە بناخەی پێکهاتەی سەرەکی فلیکن.
کارگێڕیی یانە کەتەلۆنییەکە بەسەرۆکایەتی خوان لاپۆرتا، لە ئێستاوە دەستیان کردووە بەگەڕان بەدوای جێگرەوەیەک بۆ هێڵی ناوەڕاست بۆ وەرزی داهاتوو. جگە لەوەش فرۆشتنی دی یۆنگ دەتوانێت یارمەتی یانەکە بدات و لە بارگرانی مووچەی یانەکە کەم بکاتەوە و بە پارەی فرۆشتنەکەیشی چەند گرێبەستێک بکات، کە لەگەڵ شێوازی فلیکدا بگونجێن.
یەکسانبوونەکەی بەرامبەر ریال بێتیس نەک هەر گوزارشتە لە پاشەکشەیەکی دیکەی بارسا لە وەرزێکی پڕ لە هەوراز و نشێودا، بەڵکو کۆتاییهاتنی کاتەکانی فرێنکی دی یۆنگ بوو لە یانەکەدا.
یاریزانە هۆڵەندییەکە کە بە بەڵێنی گەورەوە پەیوەندی بە ریزەکانی بارسێلۆناوە کردووە، ئێستا لەنێوان گومان و نائومێدیدا ماڵئاوایی لە تیپەکە دەکات و بۆشایییەک بەجێدەهێڵێت کە یانەکە دەبێت لە چەند مانگی داهاتوودا بەسەرکەوتوویی پڕی بکاتەوە.