گواردیۆلا ئاڵای سپیی هەڵکرد
رووداو دیجیتاڵ
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، ئاشکرایکرد تیپەکەی توانای رکابەریی و بیرکردنەوە لە نازناوی پرێمەرلیگی وەرزی ئەمساڵی نییە، پاشئەوەی زنجیرەیەک ئەنجامی خراپی لە خولەکەدا بەدەستهێنا.
مانچێستەر سیتی لە چوار وەرزی رابردوودا، چوارجار نازناوی پرێمەرلیگی بەدەستهێنا، پێپ دانیپێداناوە کە تیپەکەی ناتوانێت بۆ پێنجەم وەرزی لەسەریەک ئەو کارە بکات.
سیتی لە دوایین یاریی خۆیدا لە پرێمەرلیگ، دوێنێ لەگەڵ کریستاڵ پاڵاس 2 - 2 یەکسانبوو، پاشئەوەی دووجار توانی دواکەوتنی لە ئەنجامدا بۆ یەکسانبوون بگۆڕێت، هەروەها ریکۆ لویسی لەدەستدا بەهۆی وەرگرتنی کارتی سوورەوە.
گواردیۆلا لە دوای یارییەکە دەڵێ، "خاڵێکمان بەدەستهێنا، باوەڕپێنەکراوانە جەنگاین، بەڵام ئەمە وەرزی نەگبەتییەکانی ئێمەیە، دەبێ چاوەڕێ بین بزانین لە مانگەکانی داهاتوودا چی روودەدات.
ئەو هەروەها دەڵێ، "هەوڵی زۆرماندا، سەری رێز بۆ رکابەرەکەمان دادەنەوێنم. ئێمە ناتوانین باسی رکابەریی لەسەر نازناوەکە بکەین لە کاتێکدا چوار یاریی بەسەریەکەوە دەدۆڕێنین و دواتریش یەکسان دەبین".
راهێنەری سیتی هەروەها دەڵێ، "دەبێ پارێزگاریی لە ئاستمان بکەین لە ژمارەیەکی زۆری یاریدا، ئەمە کارێکی قورسە کاتێک تەماشای دۆخێ ئێستای تیپەکەم دەکەم، من دڵخۆشم لەپێناو یاریزانەکانم، ئەوان جەنگان و هەموو شتێکیان کرد".
سیتی لە یارییەکەدا لە رێگەی ئێرلینگ هالاند و ریکۆ لویسەوە دوو گۆڵی یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەی تۆمارکرد. بەڵام وەک گواردیۆلا دەڵێ، ئەوان کێشەی پێکرانی زۆری یاریزانەکانیان هەیە.
پێپ گوتی، "زۆر یاریزانی گرنگمان هەن کە پێکانیان هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لە یارییەکەدا ماینەوە و هەموو ئەوەمانکرد کە دەبوو بیکەین بۆ بردنەوە، دڵخۆش و شانازم بەیاریزانەکانمەوە.
سیتی لە دوای یارییەکانی گەڕی پانزەی پرێمەرلیگ، بەکۆکردنەوەی 27 خاڵ پلەی چوارەمی ریزبەندی خولەکەی گرتووە، لە کاتێکدا لیڤەرپوولی پێشەنگ، 35 خاڵی هەیە و یارییەکی کەمتر ئەنجامداوە.