ڤینیسیۆس: ئەرکمان بەرامبەر مۆدریچ زەحمەت دەبێت

رووداو دیجیتاڵ

 

ڤینیسیۆس جۆنیۆر، ئەستێرەی هەڵبژاردەی بەرازیل، دووپاتیکردەوە کە ئەرکیان بەرامبەر هەڵبژاردەی کرواتیا ئاسان نابێت، گوتیشی "یارییکردن بەرامبەر کرواتیا کە خاوەنی لوکا مۆدریچە و براوەی باڵۆن دۆری 2018ـە، شتەکان قورس دەکات".
 
سبەی 9ـی12ـک2022 لە یەکەم یاریی قۆناخی هەشتی مۆندیالی قەتەردا، هەڵبژاردەی بەرازیل رووبەڕووی هەڵبژاردەی بەرازیل دەبێتەوە، کە هەردوو تیپ رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی بلیتێکی چوارگۆشەی زێڕینی مۆندیال دەکەن.
 
ڤینیسیۆس جۆنیۆر، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و سەرەتا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هیچ هەڵبژاردەیەک و هیچ یارییەک ئاسان نییە و گوتی "پێشتر گوتمان هیچ تیپێکی بەربژێر لە مۆندیالدا نییە، هەڵبژاردەی کرواتیا لە مۆندیالی 2018 گەیشتووەتە یاریی کۆتایی، بۆیەش هیچ یاری و رووبەڕووبوونەوەیەک ئاسان نییە".
 
ئەو زیاتر وەسفی کرواتیای کرد و گوتی "یارییکردن بەرامبەر کرواتیا کە خاوەنی لوکا مۆدریچە و براوەی باڵۆن دۆری 2018ـە، شتەکان قورس دەکات، بەڵام ئێمە دەزانین کە دەبێت ئەوە بگۆڕین کە لە پاڵەوانێتییەکانی پێشوودا روویاندا، بەوەی بتوانین قۆناخی هەشت تێبپەڕێنین و بگەینە قۆناخی پێشکۆتایی و هەنگاو بە هەنگاو کارەکانمان ئەنجامبدەین".
 
ئەستێرەی سامبا زیاتر گوتی "تۆمارکردنی گۆڵ گرنگترین شتە لە تۆپی پێدا، کاتێکیش گۆڵ دەکەین ئێمە بەتەنیا دڵخۆش نابین، بەڵکو هەموو وڵاتەکە بەهۆی ئێمەوە دڵخۆش دەبێت، هیوادارین گۆڵی زیاتر تۆماربکەین و سەمای زیاترمان ماوە، دەمانەوێت بیگێڕین و با بەردەوامبین لە سەماکردن و دەمانەوێت تاوەکو یاریی کۆتایی بەردەوامبین".
 
ڤینی باسی ئەوەشی گرت کە هەندێک کەس رەخنەیان لێدەگرن، بەهۆی شێوازی ئاهەنگگێڕانیان و لەو بارەیەوە گوتی "بێگومان خەڵک رەخنە دەگرێت و گلەیی دەکات کاتێک دەبینن کەسانی دیکە دڵخۆشن، بەڵام بەرازیلییەکان هەمیشە زۆر دڵخۆشن، هەوڵدەدەین خاڵی ئەرێنی لە کەسانی دیکەشدا بەجێبهێڵێن، هیواخوازم بەردەوامبین لە دەربڕینی دڵخۆشیمان، بەتایبەت کە ئەو کەسانەی پاڵپشتیمان دەکەن زیاترن لەوانەی دژایەتیمان دەکەن".