"یەدەگکردنی رۆناڵدۆ باشترین بڕیار بوو"

رووداو دیجیتاڵ


رۆژنامەی ئابۆلای پۆرتوگالی، هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ فێرناندۆ سانتۆسی راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی پۆرتوگال بڵاوکردەوە و تێیدا راهێنەرەکە چەندین نهێنی نوێ ئاشکرا دەکات. 
 
یەکێک لەو بابەتانەی لە هەڤپەیڤینەکەدا باسی لێوەکرا، دۆخی پەیوەندی نێوان فێرناندۆ سانتۆس و کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ بوو، بە تایبەتی دوای ئەوەی راهێنەرەکە لە مۆندیالی قەتەر لە دوو یاریدا رۆناڵدۆی خستبووە سەر کورسی یەدەگ و ئەمەش ئەفسانە پۆرتوگالییەکەی نیگەران و تووڕە کردبوو. 
 
فێرناندۆ سانتۆس سەرەتا دەڵێت "رۆناڵدۆ باشترین یاریزانی مێژووە، هەرچەندە زۆر کەس لەگەڵمدا هاوڕا نین. ئەو لە ئینگلتەرا، ئیسپانیا و ئیتاڵیا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگالیش دوو نازناوی بردووەتەوە.
 
دواتر لە درێژەی قسەکانیدا سانتۆس هۆکاری ئەوەی روونکردەوە کە بۆچی لە مۆندیالی قەتەردا رۆناڵدۆی خستبووە سەر کورسی یەدەگ و دەڵێت "وەك گوتم رۆناڵدۆ باشترین یاریزانی جیهانە، بەڵام لەدەستدانی منداڵەکەی رووداوێکی ناخۆش بوو و ساتێکی قورس بوو لە ژیانیدا. لە لایەنی وەرزشییەوە، کریستیانۆ دوو مانگ بوو مەشقی نەکردبوو و بەتەواوی ریتمی یاریکردنی لەدەستدابوو، بۆیە لە رووی ستراتیژییەوە ئەوە باشترین بڕیاربوو کە رۆناڵدۆ بخەینە سەر کورسی یەدەگ و لێی پەشیمان نیم".
 
لە کۆتایی قسەکانیدا سانتۆس دەڵێت "لە مۆندیالی قەتەرەوە قسەم لەگەڵ رۆناڵدۆ نەکردووە. من خەمبارم بەڵام پێموایە رۆژێك لە رۆژان یەکدی دەبینین و پەیوەندییەکەمان باش دەبێتەوە. من هەمان هەستم بەرامبەری هەیە و هێشتا وەک کوڕی خۆم یان برای بچووکم سەیری ئەو دەکەم. هەموو کات باوەشم بۆ ئەو کراوەیە بۆ ئەوەی پەیوەندیەکەمان وەکو پێشوو بەهێز ببێتەوە".