ناپۆلی دەیەوێت ئەمشەو پەیامێکی دیکەی دڵنیایی بۆ رۆحی مارادۆنا بنێرێت

رووداو دیجیتاڵ

 

لە کاتێکدا وەرزی ئەمساڵی سێریا ئەی رووداوی دراماتیکی و کورسیی گۆڕینەوەی گەورەی یانەکانی پێشەنگ لە ریزبەندیی خولەکەدا و ململانێی سەرسەختانەی نێوان یانەکان و درەوشانەوەی نەبینراو و ناوازەی ناپۆلی بەخۆوە دەبینێت، یارییەکانی هەفتەی چواردەی خولی سێریا ئەی دەستپێدەکەن.
 
ئەمشەو بە سێ یاری، سێریا ئەی، بەشێکی دیکە لە وروژاندن و سەرنجڕاکێشییەکانی خۆی بە بینەر و هاندەرانی یانەکانی دەدات. سپیزیا و ئۆدینێزی رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە کە دەکرێ یارییەکە سەرەڕێیەکی دیکە بێت بۆ ئۆدینێزی کە ئەمساڵ لەگەڵ گەورەکان و پێشەنگانی خولەکە لە ململانێدایە و نایەوێت بە ئاسانی دەستبەرداری خەونی کورسییەکی پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکانی وەرزی داهاتوو ببێت.
 
ناپۆلی کە تاکە یانەی ئیتاڵیایە ئەمساڵ تاڵاوی شکستی نەچێشتووە و ئێستا وەک پەرجوویەک هەفتە دەداتە دەم هەفتەی خولەکە و لە یاریگەیەکەوە دەچێتە یاریگەیەکی دیکە لەپێناو بردنەوەدا، ئەمجارە لە دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا، میوانداری ئیمپۆلی دەکات کە سەرەتای وەرزەکەی بەباشی نەهێنا و ئێستا هێواش هێواش خاڵەکانی کۆ دەکاتەوە.
 
ناپۆلی کە سەرمەستی بردنەوەی دراماتیکی و پێشبینینەکراوی خۆیەتی بەرامبەر ئاتلانتا لە گەڕی پێشوودا، دەیەوێت لە نێو یاریگەکەی خۆیەوە ئەمشەو پەیامێکی دیکەی دڵنیایی بۆ رۆحی مارادۆنا بنێرێت و دووپات بکاتەوە، ئیدی ئێستا کاتی ئەو باشوورییانەیە کە سەردەمانێک، کەس ئەوانی بەبوویەکی نێو وڵاتەکە دانەدەنا.
 
پێدەچێ ناپۆلی ئەمساڵ لە هەموو ساڵێک زیاتر بڕوای بەخۆی هەبێت لەوەی کە دەتوانێ پاش ساڵانێکی زۆر لە چاوەڕوانی، نازناوی خولەکە لە بازنەی تۆرینۆ و میلانۆ دەهێنێتە دەرەوە و باشووری وڵاتی پێ رۆشن دەکاتەوە.. یارییەکەی ئەمشەو بۆ ناپۆلی، پێشبینیکراو نییە سەرئێشە و گرفتی لێبکەوێتەوە.
 
لەلایەکی دیکەوە، هەر ئەمشەو یانەی میلان لە دەرەوەی خاکی خۆی دەبێتە میوان لە یاریگەی جیۆڤانی زینی و رووبەڕووی یانەی کریمۆنێزی دەبێتەوە. 
 
رۆسۆنێری دوای ئەوەی گەڕی رابردوو بە سەخی شکستی بە یانەی سپێزیا هێنا و لە دوایین خولەکەکاندا ژیرۆ گۆڵی بردنەوەی بۆ تۆمارکردن، بەڵام ئەو خاوەن گۆڵە ئەمشەو یاری ناکات چونکە لە خۆشیی گۆڵەکەی گەڕی رابردووی کارتی سووری وەرگرت. 
 
میلان چاوێکی لە خۆئامادەکردن بۆ ئەم یارییە دەبێت و ئەوەی دیکەشی لەسەر یارییەکەی ناپۆلی و ئیمپۆلی، هەر هیچ نەبێت ناپۆلی بکەوێت رابگیرێت و لە کۆکردنەوەی خاڵ بچێتەوە، تاوەکو بەر لە مۆندیال جیاوازیی خاڵەکانی میلانی دووەم و ناپۆلیی یەکەم کەمتر ببێتەوە کە ئێستا شەش خاڵە. 
 
ئەرکی میلان ئێستا و لە رابردووشدا بەرامبەر بە کریمۆنێزی ئاسان بووە، چونکە ئەو یانەیە کە ئەم وەرزە هاتووەتەوە بۆ سێریا ئەی لە پلەی 18ـیە و پێشتریش لە 14 یاریدا تەنیا دوو سەرکەوتنی بەسەر میلاندا هەبووە، لە دوایین 5 یاریشیاندا میلان سێ کلین شیتی بەرامبەریان هەبووە بە چنینەوەی خاڵەوە، بەجۆرێک دوایین شکستی میلان بە کریمۆنێزی بۆ 26 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕیتەوە.