دیشام بەرگریی لە ئێمباپێ دەکات


رووداو دیجیتاڵ

دیدێ دیشام، راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا، بەرگری لە کیلیان ئێمباپێی یاریزانی هەڵبژاردەکەی کرد، پاشئەوەی رەخنەی زۆری لێگیرا لە ماوەی رابردوودا.
 
دیشام رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لیستی هەڵبژاردەی فەرەنسای بۆ دوو یاریی داهاتووی هەڵبژاردەکە لە ماوەی فیفا دەی راگەیاند. ناوی کیلیان ئێمباپێ لە لیستەکەدا نەبوو، بەهۆی پێکرانی ئەو یاریزانەوە.
 
ئێمباپێ مانگی رابردوو دووچاری پێکان بوو، بڕیاربوو زیاتر لە سێ هەفتە لە یاریکردن دووربکەوێتەوە، بەڵام زووتر گەڕایەوە و لە یاریی لیل و ڤیاریالیشدا بەشداریکرد، ئەوەش وایکرد هاندەرانی فەرەنسا رەخنەی لێبگرن.
 
ئەوەی هاندەرانی فەرەنسای لە ئێمباپێ تووڕەترکرد، ئەوەبوو کە ئەو یاریزانە بۆ هەردوو یاری فەرەنسا بەرامبەر ئیسرائیل و بەلجیکا لە نەیشنسلیگ دوورخرایەوە بەهۆی پێکانەکەیەوە.
 
دیدێ دیشام، راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا لە باسوخواسی پەیوەست بەگلەیی هاندەران لە ئێمباپێ، دەڵێ، "من لە پەیوەندیم لەگەڵ یاریزانان، سوورم لەسەر قسەکردن لەگەڵیان".
 
هەروەها دەڵێ، "بێگومان بەلای منەوە پێشینە بۆ بەرژەوەندی یاریزانە، باش دەزانم کە یاریزان ناتوانێ لە دژی یانەکەی بوەستێتەوە، هەروەها ناشیەوێ لە دژی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بێت".
 
هەروەها دەڵێ، "بەڵام لە قۆناخێک لە قۆناخەکان، دوای گفتوگۆ، دەبێ پێشینە بدرێتە بەرژەوەندیی یاریزانەکە، بەبێئەوەی کارەکەی لەسەر قورس بکرێت".
 
دیشام هەروەها دەڵێ، "لە هەڵوێستی ریال مەدرید تێدەگەم"، پاشان گوتوویەتی، "من لێرەنیم بۆ سەرکێشیکردن، پێشتر راهێنەری یانەیەک بووم و لە یانەکەش بۆچوونی ئەوە زاڵە کە سەرکێشی هەیە".
 
دیشام پێشتر، لەکاتی راگەیاندنی لیستی هەڵبژاردەی فەرەنسا بۆ دوو یاری داهاتوو، ئاشکرایکردبوو ئێمباپێی بۆیە دوورخستووەتەوە چونکە "ئامادەیی جەستەیی تەواوی نییە لەبەرئەوەی کەم یارییکردووە".