یانەی نەورۆز بەشداری خولی پلەیەکی عێراق دەکات

رووداو دیجیتال

جێگر عەبدوڵڵا، سەرپەرشتیاری تۆپی پێی یانەی نەورۆز، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕیی میدیایی رووداو رایگەیاند، بەشداریی یارییەکانی وەرزی نوێی خولی یانە پلەیەکەکانی عێراق دەکەین.

دەستەی کاتی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، رۆژی 28ی مانگی دێسێمبەری داهاتووی دیاریکردووە بۆ دەستپێکردنی یارییەکانی وەرزی داهاتووی خولەکە کە بە بەشداری 24 یانەیە و یارییەکانی بەشێوازی دوو کۆمەڵە بەڕێوەدەچێت.

سەرپەرشتیاری یانەی نەورۆز لەبارەی بەشداریکردنیان گوتی "ئێمە وەرزی رابردووش بڕیاری بەشداریکردنمان لە خولی پلەیەکی عێراق دابوو، بەڵام خولەکە ئەنجامنەدرا، ئەمساڵ هەمان پلانمان هەیە و دەمانەوێت رکابەریی بکەین".

یانەی نەورۆز بەسەرکردایەتی یونس نوری راهێنەری رۆژئاوای کوردستان، ئاستێکی بەرزی لە خولی نایابی کوردستان پیشاندا.

عەبدوڵڵا روونیشیکردەوە "دەمانەوێت وەک یانەیەکی بەهێزی هەرێمی کوردستان بگەینە خولی نایابی عێراق، راهێنەرمان سەرپشک کردووە لە داواکارییەکانی و هێنانی یاریزان لە عێراق و دەرەوە". 

یانەی وەرزشیی نەورۆز یانەیەکی شاری سلێمانییە، لە 1994 دامەزراوە.