راهێنانەکانی هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق دەستیانپێکرد
رووداو هەولێر
بەسەرپەرشتی خیسۆس کاساس، راهێنەری ئیسپانی، راهێنانە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردەی عێراق لە شاری بەغدا دەستیانپێکرد و بڕیارە هەفتەی داهاتوو هەڵبژاردەکە گەشتی ئیسپانیا بکات.
بڕیارە رۆژی 11ـی ئەم مانگە هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق، بەفڕۆکەیەکی تایبەت بەرەو ئیسپانیا بەڕێبکەوێت، بەمەبەستی کردنەوەی کەمپێکی راهێنان و ئامادەکاری لەگەڵ ئەنجامدانی دوو یاری دۆستانە لەو وڵاتە. عێراق مەبەستی لەم کەمپی راهێنانە ئامادەکردنی تیپەکەیەتی بۆ جامی نەتەوەکانی ئاسیا، کە یارییەکانی سەرەتای ساڵی داهاتوو لە قەتەر بەڕێودەچن.
محەممەد عیماد، بەرپرسی راگەیاندنی هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیای رووداو، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند "وەک راهێنانی سەرەتایی لەنێو هۆڵی لەشجوانی و مەلەوانگە یاریزانەکانمان کۆبوونەتەوە و بەسەرپەرشتی راهێنەری توانای جەستەیی دەستیان بە راهێنان کردووە، بەر لەوەی یەکشەممەی داهاتوو گەشت بکەین بۆ وڵاتی ئیسپانیا".
هەڵبژاردەی عێراق لەنێو کەمپی راهێنانی ئیسپانیادا دوو یاری دۆستانەش ئەنجامدەدات، یاریی یەکەم رۆژی 16ـی ئەم مانگە لەگەڵ هەڵبژاردەی کۆڵۆمبیا دەبێت، یاریی دووەم لەگەڵ پاڵەوانی خولی جیبڕاڵتارە.
عیماد زیاتر روونیکردەوە "گەشبینم بە داهاتووی تیپەکەمان و فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق هەموو کارئاسانییەکی بۆ راهێنەر و تیپەکە کردووە، هیوای گەورەمان بەشدارییەکی بەهێزە لە جامی نەتەوەکانی ئاسیا لە قەتەر".
هەڵبژاردەی عێراق لە سەرەتای ئەمساڵ توانی نازناوی جامی کەنداو لە بەسرە بباتەوە، ئەمەش هاندەرێکی گەورەبوو بۆ کاساسی راهێنەر و هاندەرانی هەڵبژاردەکە بۆ رکابەریکردن لە یارییەکانی داهاتووی تیپەکە.
لەنێو پێکهاتەی هەڵبژاردەی عێراقدا، ئالای فازڵ و شێرکۆ کەریم دوو ئەستێرەی کوردن، ئەوەی جێگای سەرنجی شەقامی وەرزشی عێراق و کوردستان بوو ناوی ئاسۆ رۆستەم ئەستێرەی کوردی یانەی شورتە لە لسیتی هەڵبژاردەی عێراقدا نەبوو.
دوای ئەم کەمپە لە مانگی 9ـی ئەمساڵ هەڵبژاردەی عێراق بۆ درێژەدان بە ئامادەکارییەکانی بۆ جامی نەتەوەکانی ئاسیا بەشداری پاڵەوانێتی جامی شای تایلەند دەکات، کە ژمارەیەک هەڵبژاردەی کیشوەری ئاسیا بەشدارن.
هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق لە کۆمەڵەی چوارەمی جامی نەتەوەکانی ئاسیا یاری لەگەڵ هەڵبژاردەکانی ژاپۆن، ئەندونووسیا و ڤێتنام دەکات.