ڤان خال دەیەوێت وێڵزیش بە دەردی بەلجیکا ببات

رووداو دیجیتاڵ

 

هەڵبژاردەی هۆڵەندا لە دووەم تاقیکردنەوەیدا لە نەیشینسلیگدا، رووبەڕووی هەڵبژاردەی وێڵز دەبێتەوە و هەوڵدەدات بۆ دووەمجار ئاستێکی بەرز پێشکێشبکات و دووەم بردنەوەی بەسەریەوەکەوە بەدەستبێنێت.
 
هۆڵەندا کە ساڵانیکی یەکجار زۆرە خۆی لەسەر سەکۆی نازناوەکان نەبینیوەتەوە، لە نێو گەورەکانی ئەوروپادا باشترین دەستپێکی لە نەیشنسلیگی ئەمساڵدا هەبوو. 
 
لویس ڤان خالی راهێنەر، پێشەوایەتی یاریزانەکانی کرد بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی یەکجار باش لە یاری یەکەمیاندا بەرامبەر بەلجیکا و بە چوارینەیەک لێی بردنەوە.
 
ڤان گال کە تا کۆتایی مۆندیالی ئەمساڵ لەگەڵ هەڵبژاردەی پرتەقاڵییەکاندا بەردەوام دەبێت، بەوردی خوێندنەوەی بۆ بەلجیکییەکان کرد و بەئاسانی بەسەریاندا سەرکەوت، لە دووەم دەرکەوتن و دووەم گەشتی دەرەوەی یاریگەی خۆیدا، دەبێتە میوانی هەڵبژاردەی وێڵز.
 
ڤان خال، لەدوای سەرکەوتنەکەی بەلجیکاوە رەزامەندی لە ئاستی یاریزانەکانی و تیپەکەی پێشاندا، بەڵام ئەو سەرکەوتن و درەوشانەوەیەی بەهەلێکی باشزانی بۆ رەخنەگرتن و هێرشکردنە سەر ئەو یانانەی یاریزانەکانی هۆڵەندا یارییان لێدەکەن. لویس دڵخۆشبوو بەدرەوشانەوەی دی یۆنگ و دیپای و بەهۆیەوە سەرکۆنەی بارسێلۆنای کرد کە وەک پێویست هەوڵی باشترکردنی توانای ئەو دوو یاریزانەی بۆ نادەن. بەهەمان شێوە تۆتێنهامیش بووە جێگەی رەخنەی راهێنەری هۆڵەندا بەهۆی بیرگوینی یاریزانی یانەکەوە کە ڤان خالی سەری لەوە سووڕماوە هەلی یاریکردنی زۆری پێنادرێت.
 
ڤان خال بەکەشی هەڵبژاردەکە و پێویستییەکانی نامۆ نییە، ئەو لە ژیانیدا پێشتر دووجار مەشقی هەڵبژاردەکەی وەرگرتووە و دەزانێ چۆن یاریزانەکانی بۆ سەرکەوتنێکی دیکە هانبدات. ئێستا ئەو کە چارەنووسی خۆی لەگەڵ هۆڵەندا پێشوەخەتە دەستنیشانکردووە و رایگەیاندووە دوای مۆندیالی ئەمساڵ لەگەڵ هۆڵەندییەکان بەردەوام نابێت، لە چیرۆکی سەرکەوتنی خۆییەوە بۆ نووسینەوەی چیرۆکی سەرکەوتنی هەڵبژاردەیەک هاتووە.
 
ڤان خال ماوەکانی رابردوو خۆی تووشبوون بەشێرپەنجەی راگەیاند و روونیکردەوە چۆن لەپێناو ژیاندا بەرامبەر نەخۆشییەکە جەنگاوە، ئەوەشی راگەیاند کە لە کۆتاییدا سەرکەوتنی بەسەردا بەدەستهێناوە و توانیویەتی دەست بەژیانێکی ئاسایی بکاتەوە.
 
ڤان خال دوای گەڕانەوەی بۆ مەشقدانی هەڵبژاردەی هۆڵەندا، تیپێکی زۆر باشتر لە پێشووی دروستکردووە، سەرکەوتن بۆ مۆندیالی قەتەر یەکێکە لەو دەستکەوتانەی کە لویسی 70 ساڵە، لە ماوەی رابردوودا وەک دەستکەوت بۆ هۆڵەندای بەدەستهێنا لە کاتێکدا هەڵبژاردەکە لە مۆندیالی پێشووتردا، نەیتوانیبوو سەربکەوێت.
 
ئێستا بۆ ڤان خال زۆر ئاساییە خەون بە نازناوی نەیشنسلیگەوە ببینێت بەرلەوەی بەیەکجاری ماڵئاوایی لە دونیای مەشقدان و کاری رۆژانەی هاندانی یاریزانان بەرەو سەرکەوتن، بهێنێت.