وەزیری وەرزشی ئیتاڵیا داوای لێبوردن لە ڤلاهۆڤیچ دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری وەرزشی ئیتاڵیا، ئاندریا ئابودی داوای لێبوردن لە دوشان ڤلاهۆڤیچ، ئەستێرەی سێربی و هێرشبەری یانەی یوڤێنتوس دەکات.
 
لە یاریی نێوان هەردوو یانەی ئاتالانتا و یوڤێنتوس کە رۆژی یەکشەممە لە رکابەرییەکانی خولی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو، هاندەرانی یانەی ئاتالانتا رەگەزپەرستیان لە دژی ڤلاهۆڤیچ بەکارهێنا و یاریزانەکە نیگەرانییەکی زۆری پێوە دیاربوو، بەو هۆیەوە ناوبژیوان داوای لە هاندەرانی ئاتالانتا کرد رەگەزپەرستییەکە رابگرن.
 
ڤلاهۆڤیچ لە خولەکی 97ـی یارییەکەدا گۆڵی دووەمی یوڤێنتوسی تۆمارکرد و بە دەست ئاماژەی بۆ بێدەنگبوونی هاندەرانی ئاتالانتا کرد.
 
لەسەر ئەو مامەڵەیەی هاندەرانی ئاتالانتا بەرامبەر ئەو یاریزانە، ئاندرێ ئابودی، وەزیری وەرزشی ئیتاڵیا هاتەدەنگ و لە توویتێکدا دەڵێت "رەتکردنەوەی رەگەزپەرستی پەیوەندیی بە رەنگ، یان درێس و پێستەوە نییە، پەیوەندیی بە ئاین و مرۆڤەوە نییە، ئەمەش هەمیشە بۆ ئێمە گرنگە."
 
وەزیری وەرزشی ئیتاڵیا گوتی "رێزگرتن هەمیشە گرنگە، ئەوانەی هەڵەدەکەن پێویستە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت، لە هەموو کاتێک و بارودۆخێکدا، داوای لێبوردن لە دوشان ڤلاهۆڤیچ دەکەم."
 
لە ماوەی رابردوودا لە خولی ئیتاڵیادا چەندینجار رەگەزپەرستی لە دژی یاریزانە جیاوازەکانی ئەفریقا بەکارهێنراوە، بەڵام بەکارهێنانی ئەم رەگەزپەرستییە لە دژی دوشان ڤلاهۆڤیچ شتێکی نوێیە.