ئەستێرەیەکی پێشووی کەتەلۆنیا دێتە عێراق
رووداو دیجیتال
دەستەی کاتیی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، لەگەڵ راهێنەرێکی ئیسپانی رێککەوتووە، بۆ ئەوەی سەرکردایەتی هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی عێراق بکات، کە پێشتر یاریزانی هەڵبژاردەی کەتەلۆنیا بووە.
پاکۆ هێرێرا، راهێنەری ئیسپانی، لەدایکبووی 1953ـیە، پێشتر یاریزانی هێڵی ناوەڕاست بوو، بۆ هەڵبژاردەی هەرێمی کەتەلۆنیا یاریکردووە، هەروەها وەک یاریزان درێسی یانەکانی لێڤانتی، ریال سپۆرتینگ خیخۆنی لەبەرکردووە، وەک راهێنەریش کاری لەگەڵ ژمارەیەک یانەی خولی وڵاتەکەی کردووە.
ئەحمەد کۆچەر، ئەندامی دەستەی کاتیی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕیی میدیایی رووداو، رایگەیاند "ژمارەیەک سیڤی راهێنەرانی بیانیمان لەبەردەستدابوو، لیژنەی هونەری بە وردی سەرنجی هەموو راهێنەرەکانیان دا، دوابڕیارمان لەسەر پاکۆ هێرێرا بوو، بەشێوەیەکی فەرمی ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی عێراقمان پێدا".
یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، قەحتان جەسیری دەستنیشانکرد بۆ یاریدەدەری راهێنەرە ئیسپانییەکە، هەروەها عیماد محەممەدی ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراقیش بووە راهێنەری هەڵبژاردەی لاوان لە شوێنی قەحتان جەسیر.
کۆچەر گوتیشی "لیژنەی هونەری ئامادەکاری بۆ هاتنی ئەو راهێنەرە دەکات، بۆ ئەوەی هێرێرا بێتە شاری بەغدا و بەشێوەیەکی فەرمی گرێبەستەکەی واژۆبکات".