دوو پلانی مان سیتی بۆ گواستنەوەی بێلینگهام ئاشکرادەبن

رووداو دیجیتاڵ
 
دوو پلانی یانەی مانچێستەر سیتی بۆ گواستنەوەی جود بێلینگهامی ئەستێرەی ئێستای ریال مەدرید و پێشووی بۆرووسیا دۆرتموند ئاشکرادەبن. 
 
بێلینگهام کە لە ساڵی 2020 پەیوەندی بە دۆرتمووندەوە کرد و توانی بە ئاستە ناوازەکەی سەرنجی چەندین یانەی زلهێزی ئەوروپا بۆخۆی رابکێشێت، یەکێک لەوانەش یانەی مانچێستەر سیتی بوو کە ویستی یاریزانەکە بگوازێتەوە ئیتیحاد و ئامادەبوو بڕە پارەیەکی زۆری لە پێناودا خەرجبکات، بەڵام لە کۆتاییدا ئەستێرە ئینگلیزییەکە بڕیاریدا پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە بکات. 
 
بەپێی رۆژنامەی دەیڵی ستاری بەریتانی، مانچێستەر سیتی هەر لە سەرەتاکانی وەرزی رابردووەوە هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی بێلینگهام دەستپێکردبوو، رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە کاتێک لە قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگی وەرزی رابردوودا سیتیزنس رووبەڕووی دۆرتموند دەبێتەوە، یانە ئینگلیزییەکە وەک دیارییەک، درێسێک بە واژۆی ئێرلینگ هالاند بۆ بێلینگهام دەنێرێت، کە ئەو دوو یاریزانە لە رابردوودا لە دۆرتمووند هاوتیپی یەکدی بوونە. دواتریش بێلینگهام بانگهێشتدەکرێت بۆ ژووری خۆگۆڕینی مانچێستەر سیتی بۆ ئەوەی دیارییەکە وەربگرێت.
 
رۆژنامە بەریتانییەکە ئاماژە بەوە دەکات کە پێپ گواردیۆلای راهێنەری یانەکە بەشێوازێکی راستەوخۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەستێرە ئینگلیزییەکەدا دەکات و دەیەوێت باوەڕی پێبهێنێت کە تیپکەی ئەو "کامڵتر و پێگەیشتووترە" بەبەراورد بە یانەی ریال مەدرید. بەپێی هەواڵەکان، بەڕێوبەرانی مانچێستەر سیتی هیوایەکی زۆریان هەبووە کە ناوبانگی گواردیۆلا، بێلینگهام رازی دەکات بەوەی پەیوەندییان پێوەبکات، بەتایبەتیش کە وەرزی رابردوو توانیان سێ نازناوە مێژووییەکە ببەنەوە، بەڵام بێلینگهام ئەوانی بێهیواکرد و بڕیاریدا بە گرێبەستێک بە بڕی 103 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە بکات.
 
لە دوای واژۆکردنی گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید، بێلینگهام لێدوانێکیدا هۆکاری هەڵبژاردنی یانەی شاهانە لەبری یانەکانی دیکە ئاشکرا دەکات و دەڵێت "بڕیارەکەم پەیوەندی بەوەوە نەبوو کە ئاخۆ یانەکانی دیکە بەهێزن یاخود نا، تەنیا پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ریال مەدرید گەورەترین یانەی جیهانە، لە ئینگلتەرا رێزێکی زۆر لەم یانەیە دەگیرێت و لەسەر ئاستی ئەوروپاش باشترینە، بۆیە ئێرەم هەڵبژارد."