ئەستێرەیەکی ریال مەدرید لەپێناو سانتۆس، لیڤەرپوولی رەتکردووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

رۆدریگۆ، یاریزانی بەرازیلی و ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، لە لێدوانێکیدا رایدەگەیێنێت کە پێش پەیوەندیکردن بە ریال مەدریدەوە نزیکبووە لەوەی پەیوەندی بە یانەیەکی گەورەی پرێمەرلیگەوە بکات، بەڵام لە کۆتاییدا گرێبەستەکەیانی رەتکردووەتەوە و هۆکاری ئەو بڕیارەشی ئاشکرادەکات. 
 
لە کاتێکدا کە رۆژ بە رۆژ کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان لە پەیوەندیکردن بە ریال مەدریدەوە نزیکدەبێتەوە، هەواڵی رۆیشتنی رۆدریگۆ لە یانەکە روو لە زیادبوونە و یەکێک لەو یانانەی کە ناوی یاریزانەکەی پێوە دەبەسترێتەوە، یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزییە، کە پێشبینی دەکرێت لە هاوینی داهاتوودا هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی ئەستێرە بەرازیلییەکە دەستپێبکات و نرخی یاریزانەکەش بە 86 ملیۆن پاوەند دەخەمڵێنرێت.
 
ئەمە جاری یەکەم نییە کە لیڤەرپوول لە گواستنەوەی رۆدریگۆ نزیکدەبێتەوە، هێرشبەرەکەی یانەی ریال مەدرید لە هەڤپەیڤینێكدا باس لەوە دەکات کە لە ساڵی 2017 نزیکبووە لەوەی پەیوەندی بە رێدزەوە بکات، ئەو دەڵێت "گرێبەستەکەم واژۆ نەکرد، چونکە نەمدەویست. سەرەڕای ئەوەی کە گرێبەستەکەیان زۆر باشبوو، بەڵام من دەمویست لە یانەی سانتۆس بمێنمەوە."
 
رۆدریگۆ زیاتر دەڵێت "ئەوان بەڵێنی داهاتوویەکی زۆر باشیان پێدام، بڕیاربوو خوێندنەکەم لە ئینگلتەرا تەواو بکەم و خۆم بۆ تۆپی پێی ئەوروپا ئامادە بکەم. هەموو شتێک بەباشی دەڕۆیشت، بەڵام ئارەزووەکەم بەسەرمدا زاڵبوو، ویستم لە سانتۆس بمێنمەوە و لەو یانەیەدا مێژوو تۆماربکەم، لە کۆتاییشدا ئەو کارەم ئەنجامدا و خەونەکەم بەدیهێنا."
 
رۆدریگۆ لە ساڵی 2017 پەیوەندی بە سانتۆسەوە کردووە، لەگەڵ ئەو یانەیەدا بەشداری 68 یاری کردووە و توانیویەتی 14 گۆڵ و هەشت ئاسیست بکات، تاوەکو لە ساڵی 2019 چووە ئیسپانیا و پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کرد، لەگەڵ یانە ئیسپانییەکەدا 207 یاری کردووە و بەشداری 92 گۆڵی کردووە.