زیدان لەبارەی بێلینگهامەوە چی گوت؟

 
رووداو دیجیتاڵ

زینەدین زیدان، راهێنەری پێشووی یانەی ریال مەدرید ستایشی ئاستبەرزیی جود بێلینگهام، ئەستێرەی یانە ئیسپانییەکە دەکات و دەڵێت "ئەوەی جود دەیکات لەسەرووی پێشبینییەکانەوەیە."
 
زیدان لەلێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا دەڵێت "جود یاریزانێکی بێ وێنەیە، پێشبینی ئەوە ناکەین کە ئەنجامی دەدات، ئەوەی ئەو دەیکات لەسەرووی پێشبنییەکانەوەیە."
 
راهێنەری پێشووی ریال مەدرید زیاتر دەڵێت "زۆر سەرسامم بە بیلینگهام، هیوادارم تاوەکو کۆتایی وەرز هەموو ئەو نازناو و دەستکەوتانە بەدەستبهێنێت کە دەکرێت بیباتەوە."
 
ئەم قسانەی زینەدین زیدان لەبارەی یاریزانە ئینگلیزییەکەوە لەکاتێکدایە، یاریزانەکە زیاتر لە جارێک سەرسامیی خۆی بە زیدان دەڕبڕیووە و هاندەرانی ریال مەدریدیش زۆرجار ئەو یاریزانە بە ئەستێرە فەرەنسییەکە بەراورد دەکەن.
 
بێلینگهام لە هاوینی رابردوودا، لە یانەی بۆرووسیا دۆرتموندەوە بەرامبەر 103 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندیی بە یانەی ریال مەدریدەوە کرد، یاریزانەکە لەم وەرزەدا لە 32 یارییدا 20 گۆڵی تۆمارکردووە و خاوەنی 10 ئاسیستە.
 
ئێدوارد کاماڤینگا، یاریزانی فەرەنسیش بۆ فۆت مێرکاتۆ قسەیکردووە و دەڵێت "پێشبینیم نەدەکرد، بێلینگهام ئەو رێژە زۆرەی گۆڵ لە وەرزی یەکەمیدا لە ریال مەدرید تۆماربکات، بەراستی سەرسامی کردم."
 
ئۆرلیێن چوامینی گوتی "لە سەرەتای هاتنیدا بە ئاستە بەرزەکەی سەرسامی کردم، بەڵام ئێستا وانیم، ئەو یاریزانێکی نایابە و بەدڵنیاییەوە چەند ساڵی داهاتوو لەسەر پێشکەوتن بەردەوام دەبێت."