لیۆناردۆ مژدەیەک دەداتە هاندەرانی پاریس سانجێرمان

رووداو دیجیتال

لیۆناردۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، هەنگاوی داهاتووی یانەکەی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکانی هەردوو ئەستێرەکەی، نەیمار داسیلڤا و کیلیان ئێمباپێ ئاشکراکرد.

هەندێک لە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نەیمار پلانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2026 دانابوو، بەڵام دانوستاندنەکانی راگرت بەهیوای گەڕانەوە بۆ بارسێلۆنا، بۆ دووبارە یاریکردنەوە لەگەڵ لیۆنێل مێسی.

ئێمباپێش کە لە هاوینی 2022ـدا ماوەی گرێبەستەکەی بەسەردەچێت، بەهۆی بوونی لە پلانەکانی ریال مەدریددا هێشتا خاوی دەنوێنێت و خۆی دەدزێتەوە.

لیۆناردۆ، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی پاریس سانجێرمان، لەبارەی ئەو دوو ئەستێرەیەی یانەکەی، گوتی "بەمزووانە باسی شتی کۆنکرێتی دەکەین، دڵخۆشین بە قسەکردن لەسەر گرێبەستەکانیان، بەڵام تەنیا دەمانەوێت جەخت لەسەر رووبەڕووبوونەوەی بایرن میونشن بکەینەوە".

لە یاری چوونی قۆناخی 8ـی چامپیۆنزلیگدا، پاریس سانجێرمان لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا 3 - 2 لە بایرن میونشنی بردەوە و هەفتەی داهاتوو یاری گەڕانەوە لە پاریس دەکەن.

لیۆناردۆ لە درێژەی قسەکانیدا، روونیکردەوە "ئێستا دەبێت سەیری شتی جیاواز بکەین، بە ماوەیەکی کەم دەگەینە ئەنجامێک، بەڵام ئێستا گرنگ ئەوەیە بیر لە چامپیۆنزلیگ بکەینەوە".

کاتێکیش لەبارەی دۆناروومای گۆڵپارێزی میلانەوە پرسیاریان لێکرد؟ لیۆناردۆ گوتی "دۆنارووما؟ ئێمە لە چامپیۆنزلیگداین نەک لە بازاڕی گواستنەوە".

بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی پاریس سانجێرمان، لەبارەی بردنەوەیان لە بایرن میونشنیش، کۆمێنتی خۆی دا و گوتی "تیپەکە لە بارودۆخێکی سەختدا ئاستێکی زۆر باش و کاریگەری پێشکەشکرد، نیوەی ئەو تیپەمان گۆڕی کە بەرامبەر بارسێلۆنا یارییان کرد، ئێمە لە ئەڵمانیا لەژێر بەفردا یاریمان کرد، بایرن لە ماوەی دوو ساڵدا لەسەر یاریگەی خۆیدا نەدۆڕاوە، زۆر دڵخۆشین بە ئاستی تیپەکەمان".