پاریس بە فەرمی دەستبەرداری ئەدریان رابیۆ بوو
پاریس بە فەرمی دەستبەرداری ئەدریان رابیۆ بوو
رۆیشتنی ئەدریان رابیۆ، لە ریزی یانەی پاریس سانجێرمان یەکلایی بووەتەوە، دوای کۆتایهاتن بە ماوەی گرێبەستەکەی لە هاوینی داهاتوودا، هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پەیوەندی هەردوولا بە بنبەست گەیشتووە.
"کەناڵ پڵاس"ی فەڕەنسی بەشێک لە نێوەرۆکی نێو ئەو نامەی بڵاوکردەوە کە ئیدارەی یانە پاریسییەکە ئاڕستەی رابیۆی کردبوو، کە تێیدا هاتووە یاریزانی ناوبراو داهاتووی لەگەڵ پاریس سانجێرمان نییە.
لە ناوەرۆکی نامەکەدا هاتووە " ئێوە پابەندن بەوەی ئینتیماتان بۆ یانەکەتان هەبێت. ئێوە لەسەرتان پێویستە بەرپرسیارییەتی ئەو شکستە لەئەستۆ بگرن. ئەوەی کردووتانە هەرگیز شایەنی لێخۆشبوون نییە".
ماوەیەک پێش ئێستا ئەدریان رابیۆ بۆ ماوەی 6 رۆژ لە پێکهاتەی پاریس سانجێرمان دوورخرایەوە، هەروەها یانەکە یاریزانی ناوبراوی ناچار کرد بە پێبژاردن سزا بدات. کە تا ئێستا ئەو بڕە پارەیە ئاشکرا نەکراوە لە بەرامبەر لایککردنێک لێی بڕدراوە.
دوای کردنەدەروەی پاریس سانجێرمان لەسەر دەستی مانچێستەر یونایتد لە جامی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، رابیۆ لایکی کۆمێنتێکی پاتریس ئیڤرای یاریزانی پێشووی مانچێستەر یونایتد کردبوو.
ئەم لایککردنەی رابۆ بۆ ئیڤرا، بووە هۆی تەقینەوەی توڕەیی بەرپرسانی یانە پاریسییەکە، بەو هۆیەوە لە 15 تا 20 ی ئاداری 2019 لە مەشقوڕاهێنانەکانی یانەکەی دوورخرایەوە.