داهاتووی گواردیۆلا یەکلاییکرایەوە و دەبێتە خاوەنی زۆرترین مووچە


رووداو - هەولێر

بەرپرسانی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی لەگەڵ پێپ گواردیۆلا، بەڕێوەبەری هونەری یانەکەیان گەیشتنە رێککەوتن بۆ ئەوەی راهێنەرەکە لەگەڵ یانەکە بەردەوامبێت.

رۆژنامەی میرەری بەریتانی رایگەیاندووە، دەستەی کارگێری سیتی مانەوەی گواردیۆلای یەکلاییکردەوە راهێنەرەکە وەرزێکی دیکە بۆ گرێبەستەکەی زیادکراو و تاوەکو هاوینی 2020 لەگەڵ یانەکە بەردەوامدەبێت.

رۆژنامەکە رایگەیاندووە، راهێنەرە ئیسپانییەکە دەیەوێت لە بەهێزکردنی یانەکە بەردەوامبێت و دەستکەوتی زیاتر لەگەڵ یانەکەی بباتەوە کە هاوینی 2016 پۆستی راهێنەرایەتی ستیزنزی وەرگرتووە و نزیکە لە بردنەوەی نازناوی پرێمەرلیگی ئەم وەرزەش.

میرەر ئاشکرایکردووە، دوای گرێبەستە نوێیەکە گواردیۆلا دەبێتە خاوەنی زۆرترین مووچە لەنێو راهێنەرانی جیهاندا و لە وەرزێکدا 20 ملیۆن پاوەند وەردەگرێت.

هەنگاوەکانی درێژکردنەوەی گرێبەستی گواردیۆلا لە مانگی ئاداری رابردوو لە ئەبوزەبی دەستیانپێکردووە کاتێک گواردیۆلا و شێخ مەنسوور، خاوەنی یانەکە و خەلدون موبارەک سەرۆکی یانەکە کۆبوونەوەیان ئەنجامدا کە ماوەی 4 رۆژ کەمپێکی مەشق و راهێنانیان لەوێ ئەنجامدا.