رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە کە شەڕێکی تووند و دەمەقاڵێیەکی زۆر لە نێوان هانزی فلیکی راهێنەری یانەی بارسێلۆنا و یەکێک لە دیارترین یاریزانەکانیدا روویدا.
بارسێلۆنا ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی یارییەکی بەهێز بەرامبەر سێڤییا، کە سبەی یەکشەممە لە گەڕی 23ـی خولی ئیسپانیا بەڕێوەدەچێت.
بارسا بەکۆکردنەوەی 45 خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندی لالیگادایە و بە 4 خاڵ لەدوای ریال مەدریدی پێشەنگەوەیە و بە خاڵێک لەدوای ئاتلێتیکۆ مەدریدی دووەمەوەیە.
رۆژنامەی سپۆرت تیشکی خستووەتە سەر ناکۆکییەک کە لەنێوان فلیکی راهێنەر و ئیناکی پێنای گۆڵپارێز روویداوە، بەهۆی ئەوەی گۆڵپارێزەکە هەست دەکات رۆڵی ئەو لە تیپەکەدا پەراوێزخراوە دوای بوونی چێزنیی پۆڵەندی بە گۆڵپارێزی سەرەکی لە یارییەکانی پێشوودا.
پێنا گۆڵپارێزی سەرەکی بارسێلۆنا بوو، پێش ئەوەی بەشداری چێزنی لە جامی سوپەری ئیسپانیا دەرگای کێبڕکێی نێوان ئەو دوو یاریزانە بکاتەوە، کە دواتر دووەمیان بەبڕیاری راهێنەری ئەڵمانی بووە گۆڵپارێزی سەرەکی یانەکە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کردووە، کاتێک گۆڵپارێزە پۆڵەندییەکە لە بیرۆکەی وازهێنان پاشگەزبووەوە بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا بکات، لەڕاستیدا چێژ لە ژیانی نوێی خۆی لە ماربێلا وەردەگرت، بەڵام ئەو دەستەوارەیەی قبوڵکرد، چونکە پەیوەندیکردن بە یانە کەتەلۆنییەکە هەنگاوێکی گەورەبوو، ئەگەرچی ئاسوودە بووە دوور لە رۆتینی تۆپی پێ، چێزنی تەنیا بیری لەوە دەکردەوە کە بۆ ماوەی 9 مانگ "دوا سەما" بکات، بەڵام ئێستا واقیعەکە جیاوازە.
فلیک پێش یاریی ڤالێنسیا لە جامی شای ئیسپانیادا، گوتی "لەگەڵ تێپەڕبوونی هەفتەکان، چێزنی بەشێکی زۆری ئەو جۆش و خرۆشە پیشەگەرانەی بەدەستهێناوەتەوە کە بەدرێژایی ژیانی وەرزشی هەیبوو، لە ساڵی 2025 بوو بە گۆڵپارێزی سەرەکی بارسا، و فلیک پێش یارییەکەی ڤالێنسیا گوتی "بەڕوونی چێزنی ژمارە یەکە".
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بەشداریکردنی چێزنی لە 5 یاری لەسەریەک لەکۆی 8 یاری، و 4 کلین شیت، وایکردووە متمانەیەکی زۆر بەخۆی بەدەستبهێنێت.
رۆیشتنی ئیناکی پێنا
رۆژنامەکە دووپاتیکردەوە کە بیرکردنەوەیەک هەیە بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستی گۆڵپارێزە پۆڵەندییەکە و روونیکردەوە "هەرچەندە هێشتا زووە باسی بکەین، بەڵام بارسێلۆنا لە ئێستاوە بیر لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی چێزنی دەکاتەوە بۆ وەرزێکی دیکە، بەڵام بەو مەرجەی هەندێک هۆکار بەردەست بن، یەکەمیان ئەوەیە کە یاریزانە پۆڵەندییەکە تاوەکو کۆتایی وەرزەکە بەردەوام بێت لەسەر ئاستێکی بەرز، هەروەها لەوانەیە داهاتووی پێنا هۆکارێکی کاریگەر بێت بۆ مانەوە یان رۆیشتنی چێزنی، ئایا پێنا داوای رۆیشتن دەکات یان نا بەهۆی ئەوەی روودەدات؟ هەموو ئەمانە لەکاتێکدان کە مارک ئاندرێ تێرشتیگنی گۆڵپارێزی ئەڵمانی نەشتەرگەری ئەژنۆی بۆ کراوە و پێویستی بە هەندێک کات دەبێت بۆ ئەوەی بەتەواوی بگەڕێتەوە".
دەمەقاڵێیەکی تووند
سپۆرت دووپاتیکردەوە کە چەند رۆژێک لەمەوبەر دەمەقاڵێیەکی تووند و نائارام لەنێوان ئیناکی پێنا و هانزی فلیک روویداوە، کە بەئەنجامێکی باش لەنێوان هەردوولادا کۆتایی نەهاتووە و پێنا بە تووڕەیی لەوێ رۆیشتووە.
سەرچاوە ئاگادارەکان لە رووداوەکە روونیان کردەوە کە گۆڵپارێزەکە ویستوویەتی هۆکارەکانی پشتبەستنی راهێنەری ئەڵمانی بە چێزنی لە یارییەکانی ئەم دواییەدا بزانێت لەو گفتوگۆیەدا، و فلیک بەبیری هێناوەتەوە کە پێش یارییەکەی قۆناخی پێشکۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو دواکەوتووە، گۆڵپارێزەکەش دانی بە گرنگیی پابەندبوون بە کاتەکاندا ناوە، بەڵام فلیک هێشتا رازی نەبووە لە ئاستی رەخنەگرتن لەخۆیی پێنا، بەتایبەتی کاتێک هەندێک کەموکوڕی دیکەی بەبیری هێناوەتەوە.
ئەو سەرچاوەنە، زیاتر دەڵێن "فلیک داوای لە گۆڵپارێزەکە کردووە واقیعە نوێیەکە قبوڵ بکات، پێناش بە تووڕەیی و هەستێکی ناخۆشەوە چووەتە دەرەوە و هەندێک لە نزیکەکانی پشتڕاستی دەکەنەوە کە گۆڵپارێزەکە بەجددی بیر لە داهاتووی خۆی لەگەڵ یانەکەدا دەکاتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ