رووداو دیجیتاڵ
لەنێو کەشێکی لێوانلیۆ لە رکابەریی تووند لەسەر مسۆگەرکردنی پێشەنگی لالیگا، ریال مەدرید لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداریی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکات و پایتەختی ئیسپانیا، ژووانی لەگەڵ دێربییەکی دیکەی پڕ لە تووڕەیی هەیە.
شکست بەرامبەر ئیسپانیۆل و کاردانەوەکانی ریال مەدرید پاش ئەو شکستە، بەتایبەت بەرامبەر ناوبژیوانانی لالیگا و رەخنەی تووند لە ئاستیان، دیمەنەکەی لە مەدریدا بەرەو هەڵچوونێکی بێوێنە بردووە، بەتایبەت کە دوا پێشهاتەکان دووپاتینکردەوە، هەمووان لە دژی ویستی ریال مەدرید وەستاونەتەوە.
ئاتلێتیکۆ بەسەرنج لەسەر چوونەوە پێشەنگی لالیگا، سەردانی قەڵا سپییەکە دەکات و بەر لە یارییەکەش، جەنگی گەورەی لە دژی دراوسێکەی راگەیاند، کاتێک بەئاشکرا لە بەرامبەر گلەیی و گازاندەکانی ریال مەدرید لە ئاستی ناوبژیوانان، گوتی، ئێمە پشتگیرییان دەکەین.
ئەگەر دێربیی مەدید هەموو ساڵێک و هەموو کاتێک، پڕ لە تووندی و لێدوانی ئاگراوی و بەرکەوتنی هێزبڕانەی نێو یاریگە بووبێت، ئەمجارە بەرلەوەی فیکەی سەرەتا لێبدرێت، هەموو شت لە هەڵچووندایە، مەدرید ئەو شارەیە کە بەسەر شەپۆلێکی تووڕەوە مەلە دەکات.
بەدەر لە گرژیی و ئاڵۆزییەکانی بەر لە یارییەکە، لێدوانی ئاگراویی هەمووان لەبارەی دێربییەکە، ریال مەدرید بەدۆخێکی نموونەییەوە روو لە جەنگەکە ناکات.. هێڵێکی بەرگریی پڕ لە پێکان و ناوەندێکی ماندوو بەدەست زنجیرەی بەردەوامی یارییەکان و هێڵێکی هێرشبەری پڕ لە ناکۆکی، ترسی گەورەی لەبارەی ئاستی تیپەکەوە دروستکردووە.
ئەوە تەنیا ناکۆکی لەگەڵ ناوبژیوانان نییە کەبەسەر ئاسمانی ریالدا زاڵە، بەڵکو ئەوەی ڤینیسیۆس جۆنیۆر لە دوو یاریی رابردووی تیپەکەدا کردوویەتی و ئەو گفتوگۆیانەی میدیای ئیسپانیا لێکدانەوەی بۆ دەکەن، بەو ئاراستەیەن کە هەموو شت لە ریال مەدرید، ناکۆکیی قووڵی لەبارەوە دروستبووە.
هەرچی ئاتلێتیکۆ مەدریدە، بەئارامییەکی زۆری نێوخۆیی و دوور لە هەڵچوون و هەر ناکۆکییەک روو لە ماڵی دراوسێکەی دەکات. ئەو تیپە ماوەیەکی بەرچاوە یارییەکانی دەباتەوە و یاریزانەکانی دەدرەوشێنەوە، ئەمشەو چوونەوە لووتکەی لالیگا ختووکەی هەستەکانی دەدات و هەموو ئەو رووداوانەش دووپاتیدەکەنەوە، کە دێربیی ئەمجارە، جەنگێکی تاقەتپڕووکێن دەبێت، لەپێناو لووتکەیەکدا کە بەئاسانی ناگیرێت.
راهێنەری هەردوو یانە، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە، قسەیان بۆ میدیاکان کرد، کە ئەمەی خوارەوە بەشێکە لە قسەکانیان:
کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری یانەی ریال مەدرید:
ئەمە ئەو یارییەیە کە حەزدەکەین بەشداریی تێدا بکەین، ئێمە چێژ لە بوونمان لێرە وەردەگرین ئەگەرچی هەست بەگوشاری بەرز دەکەین، چونکە هەمووان یارییەکە دەبینن. یارییەکە نمایشێکی ناوازە دەبێت بەژمارەیەک یاریزانی ناوازە لە یاریگەدا. هەروەها رکابەرییەکی سەرنجڕاکێشی تۆپی پێ و ئێمە کەسایەتییە سەرەکییەکەی دەبین. کەسایەتییە سەرەکییەکان لە شوێنێکدان هەست بەئارامی ناکەن، بەڵام ئێمە دەناڵێنین و لەپێناو تیپەکەدا دەجەنگین. ئێمە پێویستمان بەچێژ وەرگرتن لە یارییەکە هەیە.

دیێگۆ سیمیۆنی راهێنەری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید:
راشکاوانە بڵێم، من بیر لەوە ناکەمەوە ناوبژیوان چۆن یارییەکە بەڕێوەدەبات، بەڵکو بیر لەوە دەکەمەوە ئێمە چۆن یاریی دەکەین. هیوادارم بتوانین یارییەک بکەین هاوشێوەی هەفتەکانی پێشوومان.
بەباشی خۆمان بۆ یارییەکە ئامادە نەکردووە، چونکە چاوەڕێ بووین یاریزانەکان چاک ببنەوە تاوەکو باشترین ئاستی خۆیان پێشکێش بکەن. بەر لە یارییەکە وردەکارییەکان دیاریی دەکەین، هەمیشە ئەوە لەبەرچاو دەگرین کە رکابەرەکەمان زۆر مەترسیدارە و یاریزانی ناوازەی هەیە. ئێمە ئەو چوارچێوە دەزانین کە دەمانەوێت یارییەکەی تێدا ئەنجام بدەین.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ