ڤیدیۆ؛ نەسڕ بردییەوە و رۆناڵدۆ یەکەم گۆڵی لە تەمەنی 40 ساڵیدا تۆمارکرد

رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ یەکەم گۆڵی لە دوای گەیشتنی بە تەمەنی 40 ساڵی تۆمارکرد و هاوکاریی یانەی نەسڕی کرد بۆ بردنەوە لە یانەی فەیحا.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 19 خولی سعودیە، یانەی نەسڕ لە نێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی فەیحای کرد، دوای 22 خولەک یارییکردن جۆن دوران، لە یەکەم یارییدا بەدرێسی یانەکەوە گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی نەسڕ تۆمارکرد.
دوای ئەوە فەیحا هەلێکی ئاسانی بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامی یارییەکە لەدەستدا و نیوەی یەکەم بەپێشکەوتنی خاوەن یاریگە تەواو بوو.
لە خولەکی 71 جۆن دوران، گۆڵی دووەمی خۆی و نەسڕی تۆمارکرد و زیاتر یانەکەی لە بردنەوە نزیککردەوە.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لە خولەکی 74 یەکەم گۆڵی خۆی لە دوای گەیشتنی بە تەمەنی 40 ساڵی ئەنجامدا، لەسەر شێوازە هەمیشەییەکەی ئاهەنگی گێڕا، بەم گۆڵە دۆن بووە خاوەنی 924 گۆڵ لە کاروانی یارییکردنیدا.
نەسڕ یارییەکەی بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە، بەشێوەیەکی کاتی لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکەیە بە کۆکردنەوەی 41 خاڵ.