هۆشدارییەک لەبارەی ڤارەوە بۆ یانەکانی پرێمەرلیگ

رووداو دیجیتاڵ
 
پرێمەرلیگ ئاگاداری بە یانەکانی ئارسیناڵ و لیڤەرپوول دەدات، کە بەشێوازێکی ئاشکرا رەخنەیان لە سیستمی ڤار گرتبوو، بەڵام لە هەمانکاتدا دان بەوەدادەنێت کە ئەو سیستمە بێ کێشە نییە و باس لە دوو شت دەکات کە پێویستە تێیدا بەرەوپێش ببرێت. 
 
لە یاریی نێوان تۆتێنهام و لیڤەرپوول لە گەڕی حەوتەمی پرێمەرلیگ، ناوبژیوان بە بیانووی ئۆفساید گۆڵێکی لویس دیازی یاریزانی لیڤەرپوولی رەتکردەوە، دوای یارییەکە رێدز راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و رەخنەی لە سیستمی ڤار گرت. لە رووداوێکی دیکەشدا میکێل ئارتێتای راهێنەری ئارسیناڵ دوای دۆڕانەکەیان بەرامبەر نیوکاسڵ، رەخنەی تووندی لە سیستمەکە گرت و بە 'شەرمەزارکەر' ناویبرد، کە دواتریش ئارسیناڵ پشتگیری خۆی بۆ قسەکانی راهێنەرەکەی دووپاتکردەوە. 
 
تۆنی سکۆڵز، بەرپرسی تۆپی پێی پرێمەرلیگ لە وەڵامی رەخنەکانی لیڤەرپوول و ئارسیناڵدا دەڵێت "رەخنەگرتن بە ئاشکرا، سوودیان پێناگەیەنێت لە کاتێکدا ئێمە بەشێوازێکی ئاسایی گفتوگۆ دەکەین. ئێمە لەگەڵ راهێنەران قسە دەکەین و راوێژ دەکەین، ساڵانەش دوو کۆبوونەوە ئەنجامدەدەین."
 
سەرەڕای ئەوەش، سکۆڵز دانبەوەدا دەنێت کە ڤار پێویستە بەرەوپێش ببرێت، یەکەمین لایەنیش کە جەخت لەباشترکردنی دەکات کاتی بڕیاردانە، ئەو دەڵێت "لە راستیدا، لەم وەرزەی پرێمەرلیگدا کاتی پێویست بۆ بڕیاردان زیادبووە، ئێمە لەوە تێدەگەین و دەزانین ئەوە کار لە ریتمی یارییەکان دەکات، بە راهێنانپێکردنی ناوبژیوانان دەمانەوێت وایان لێبکەین کە بڕیارێکی درووست بدەن بەبێ ئەوەی دوو یان سێ جار سەیری دیمەنەکان بکەنەوە، بەو شێوەیە دەمانەوێت کاتی بڕیاردان کەمبکەینەوە، بەڵام لە هەمانکاتدا نابێت رێگە بدەین ئەوە کاریگەری لەسەر درووستی بڕیارەکان هەبێت."
 
سکۆڵز دواتر باس لە دووەمین لایەنی سیستمی ڤار دەکات کە پێیوایە هێشتا پێویستی بە بەرەوپێشبردنە، ئەو دەڵێت "لایەنی دووەمی ڤار کە پێموایە خراپە، ئەزموونی هاندەرانی نێو یاریگەیە لەگەڵ ئەو سیستمە، ئێمە لەلایەن ئایفاب (دەستەی یەکێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی)ەوە رێگریمان لێدەکرێت، ئەوان رێگەمان پێنادەن گفتوگۆی نێوان ناوبژیوانان بڵاوبکەینەوە."
 
سکۆڵز زیاتر دەڵێت "پێموایە ئێمە لەسەر رێگەیەکین و دەگەینە خاڵێک، کە دیمەنەکان و گفتوگۆی ناوبژیوانان بەشێوازێکی راستەوخۆ بڵاودەکرێنەوە، دواتریش جارێکی دیکە دیمەنەکان لێدەدرێنەوە بۆ ئەوەی بڕیاری ناوبژیوان روونبکرێتەوە. نازانم ئاخۆ چەندێکمان ماوە بەو خاڵە بگەین، ئەو بڕیارە لەدەستی ئایفابە، ئێمە لە هەوڵەکانمان بەردەوامدەبین بۆ ئەوەی قایلیان بکەین کە زۆرترین بەرچاوروونی لەبارەی ڤارەوە بە هاندەران بدرێت."
 
دواتر سکۆڵز باس لە گۆڕانکارییەک دەکات کە رەنگە بەم زووانە لە پرێمەرلیگدا بیبینین، دەڵێت "یەکێک لەو بەرەوپێش چوونانەی کە پێشبینی دەکەین لە داهاتوویەکی نزیکدا بیبینین ئەوەیە کە ناوبژیوان دوای سەیرکردنی ڤار، لە رێگەی مایکێکەوە بڕیارەکەی بۆ هاندەرانی نێو یاریگە ئاشکرا دەکات."
 
سکۆڵز لەبارەی تەکنەلۆژیای خۆکارانەی دەستنیشانکردنی ئۆفساید، کە لە جامی جیهانی 2022 بەکارهێنرا دەڵێت "ئێمە پێمانوانییە کە ئەو تەکنەلۆژیایە درووستی بڕیارەکان زیادبکات، بەڵکو ئەوە کاتی بڕیاردان کەمدەکاتەوە، بەڵام لە تاقیکردنەوەکانماندا هەندێک لایەنمان بۆ دەرکەوتووە کە لەگەڵیدا ئاسوودە نین، بۆیە دەمانەوێت بەباشترین شێوە ئامادەبێت بۆ ئەوەی دۆخەکە باشتر بکات نەک کێشەی دیکە درووستبکات."
 
لەبارەی ئەو تەکنەلۆژیایەوە سکۆڵز زیاتر دەڵێت "ئێمە هێشتا تاقی دەکەینەوە، هیوادارم لەم ساڵدا لەگەڵ یانەکان گفتوگۆ بکەین بۆ ئەوەی بڕیارێکی لەسەر بدەین."