ڤیدیۆ؛ ئەوەی عەفیف کردی لە مێژووی تۆپی پێدا نەکراوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەکرەم عەفیف ئەستێرەی هەڵبژاردەی قەتەر لەسەر نووسینەوەی مێژوو لە جامی ئاسیادا بەردەوامە، ئەوەی ئەو دەیکات پێشتر لە جامی ئاسیادا نەکراوە.
لە یاریی بەرامبەر هەڵبژاردەی ئێران، لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی ئاسیادا، ئەکرەم عەفیف گۆڵێکی تۆمارکرد و ئاسیستێکی کرد، سەرکردایەتیی قەتەری کرد بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی جامی ئاسیا و ریکۆردی نوێی لە پاڵەوانێتییەکەدا تۆمارکرد.
ریکۆردەکانی عەفیف لە ئاسیا
2 جار بەشداری لە جامی ئاسیادا کردووە
13 یاریی ئەنجامداوە
6 گۆڵی کردووە
13 ئاسیستی کردووە
بەشداری 19 گۆڵی کردووە
لە 2019
10 ئاسیست
1 گۆڵ
لە 2023
5 گۆڵ
3 ئاسیست
ئەکرەم عەفیف، لە جامی ئاسیای 2019 توانیی 10 ئاسیست بکات، کە پێشتر لە مێژووی هیچ پاڵەوانێتییەکی فەرمیدا ئەوە نەکراوە، بۆ ئەمساڵیش لەسەر ئاستە بەرزەکەی بەردەوامە، تەنیا گۆڵێکی ماوە بگاتەوە ئەیمەن حوسێن، گۆڵکاری جامی ئاسیا و بەربژێرێکی سەرەکییە بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکە.
ئەم ریکۆردانەی ئەکرەم عەفیف لە کاتێکدان، هێشتا یاریزانەکە یاریی کۆتایی لەبەردەمدا ماوە و هەلی ئەوەی هەیە ژمارەی و گۆڵ و ئاسیستەکانی بەرزبکاتەوە.
لێدوانی ئەکرەم عەفیف، لە دوای بردنەوەیان لە ئێران
ئەکرەم عەفیف، لە دوای بردنەوەیان لە ئێران و گەیشتنیان بە یاریی کۆتایی جامی ئاسیا لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "پیرۆزبایی لە هاندەران و هەموو ئەوانە کەسانە دەکەین کە لەگەڵمان وەستابوون، بۆ بینینی ئەم یارییە و یارییەکی دیکە، پیرۆزە لە ستافی تەکنیکی و هەمووان، پیرۆزە لە بەڕێوەبەرەکانمان، سەرکەوتنەکە ئاسان نەبوو، ئێمە زۆر شانازی بە خۆمانەوە دەکەین، زۆر شانازی بە هاندەرانمانەوە دەکەین، جارێکی دیکە پیرۆزباییان لێدەکەم، شایەنی بردنەوەی یارییەکە بووین و هیوادارم باشترین بێتە رێگەمان."
عەفیف لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "هەموو پاڵەوانێتییەک کە ئەنجامی دەدەین، لە راستیدا زۆر شت لێیەوە فێردەبین، لە مۆندیالدا بۆ یەکەمجار بەشداریمانکرد و پاڵەوانێتییەکی گەورە بوو، بەڵێ، راستە ئێمە میوانداربووین و ئەگەر راشکاوانە قسە بکەم تارادەیەک قورس بوو، جامی ئاسیا دووەم پاڵەوانێتیی گەورەیە کە لەنێو خاکی خۆماندا ئەنجامیدەدەین و ئەمەش یارمەتیدەرێکی زۆر بوو، چونکە ئەزموونمان لە دوایین پاڵەوانێتیدا وەرگرتبوو، پێموایە بەردەوامدەبین لە پێشکێشکردنی ئاستێکی باشتر لە پاڵەوانێتییەکانی داهاتوودا، وەک گوتم هەمیشە فێردەبین لەو پاڵەوانێتیانەی بەشداریمان تێیدا کردووە و بەردەوامدەبین لە فێربوون."
رۆژی شەممە لە یاریی کۆتایی جامی ئاسیادا، کاژێر 18:00 لە یاریگەی لوسەیل، هەردوو هەڵبژاردەی قەتەر و ئوردن بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوەکە رووبەڕووی یەکدەبنەوە.